ترامپ دەستبەرداری بنكەی سەربازی عەین ئەسەد نابێت

لە میدیاکانەوە

21/01/2020‌ 1390 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
دۆناڵد ترامپی سەرۆكی ئەمریكا دەستبەرداری بنكەی سەربازی عەین ئەسەد نابێت، كە دەكەوێتە رۆژئاوای عێراقەوەو خۆشی سەردانی كردووە.

سەربازگەكە لەسەر داروپەڕدووی سەربازگەیەكی سەردەمی سەددام حوسێن دروستكراوەتەوەو تەنانەت لەبەرهەستیاری پێگەكەی نزیكبوونەوەو وێنەگرتنی قەدەغەیە .

ئەو سەربازگەیە گەلێك نهێنی لەگەڵ خۆیدا هەڵگرتووەو بەپێی زانیارییەكان سەربازگەی عەین ئەسەد نزیكەی شەش هەزار سەربازی ئەمەریكی لەخۆگرتووە، ترامپیش لەكاتی سەردانی بۆ عێراق لەناو ٢٠ بنكەی سەربازی ئەمەریكی لەعێراق تەنیا سەردانی ئەو بنكەیەی كرد و لەمیانی قسەكانیدا یەكەم نهێنی ئاشكراكرد كاتیك وتی: "لەپێناو چاودێریكردنی ئێران سوورین لەسەر ئەوەی لەبنكەی سەربازی عەین ئەسەد بمێنینەوە".

ساڵی ٢٠٠٦ جۆن ئار ئاڵن نیردەی ئەمەریكی بۆ عێراق سەردانی عێراقی كرد و لەوێوە رووی لە بیابانی ئەنبار كرد، لەو رووبەرە بیابانییەدا تا سنووری سعودییە ناوچەیەكی دەوڵەمەندە بەگازی سروشتی بەجۆرێك یەدەگەكەی بەقەدەر یەدەگی گازی هەردوو وڵاتی قەتەر و روسیا دەبێت .

ئاڵن وتی: لێرە بنكەیەكی سەربازی بنیاد دەنێین و بیری غاز هەڵدەكەنین و لەڕێگای هێڵێكەوە و بەناو خاكی سعودییەی هاوپەیمانمانەوە غازەكە هەناردە دەكەین ، واتا غازی عێراقی بەبۆنی ئەمەریكی، كە تامە ئابوورییەكەی زۆر بەلەزەت دەبێت .

سەروەت و سامانی نەوەكانی ئایندە دەوڵەتە زەبەلاحەكان شەڕی لەسەر دەكەن لەكاتێكدا وڵاتە هەرێمییەكان شەڕێكی ئابووریان لەسەر غازی دەریای ناوەراست دەستپێكردووە، كە ئەوانیش توركیا ، روسیا ، یۆنان ، میسر و ، ئیسرائیل و قوبرسی یۆنانی ، تەنانەت ئیماراتیش بەدوای غازەوەیە، هەموویان دەڵێن گازیان دەوێت . 

لەوكاتەدا ئەمەریكا خۆی بۆ گەنجینەكانی سەدە و غازی بیابانی ئەنبار ئامادە دەكات و  لەوڕێگایەوە ڕكابەری وڵاتانی تری پێدەكات، ئەوە جگە لە هەوڵدان بۆ دەركردنی كۆمپانیای سترۆی رووسی كە وەزارەتی نەوتی عێراق گرێبەستێكی لەگەڵ كردبوو بۆ وەبەرهێنان لە بواری دەرهێنانی غازی ناوچەكە ، تەنانەت وڵاتی سعوودیەش ویستی بێتە ناو ئەو شەرە ئابورییەوە بەوەی خواستی خۆی نیشاندا وەبەرهێنان لە غازی كیڵگەی عەكاز تا قوڵایی بیابانی ئەنباردا بكات.

دوای رووداوی كوشتنی قاسم سلێمانی و ئەبومەهدی موهەندیس لەلایەن فرۆكەی بێفرۆكەوانی ئەمەریكی لەنزیك فرۆكەخانەی بەغدا ، پەرلەمانی عێراق بڕیاریارێكی دەركرد بۆ دەركردنی هێزە بیانییەكان لەسەر خاكەكەی ، كە ئەمە دۆناڵد ترامپی سەرۆكی ئەمەریكای شێت كرد و هەڕەشەی ئەوەی كرد ئەگەر بێت و عێراقییەكان سوور بن لەسەر بڕیارەكەیان، ئەوە  دەست بەسەر ٣٥ ملیار دۆلاری عێراق لە بانكەكانی ئەمەریكادا دەگرێت ، جگە لەوەی عێراق دەبێت تێچووی درووستكردنی ئەو بنكە سەربازیانە بداتەوە .

بەوەدا دەردەكەوێت، ترامپ ئامادەیە واز لەهەموو شتێك بهێنێت بەرانبەر بەمانەوە و دەستگرتن بەسەر ئەو سەروەتە غازییە گەورەیەی بیابانی ئەنبار، لەبەر ئەوەی بەئاشكرا دەڵێت: ئەوە پشكی منە و دەستبەرداری نابم .


وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی