لیبیا دەبێتە سەنتەر مللانێی هەرێمی‌و نێودەوڵەتییەكان

ڕاپۆرت

21/01/2020‌ 998 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بەهەمان شێوازی جەنگی 9 ساڵەی سوریا، لەسایەی شكستی هەوڵەكانی كۆمەڵگای نێودەوڵەتی لە دۆزینەوەی چارەسەرێكی سیاسی بۆ تەنگژەی لیبیا، چاوەڕوان دەكرێت ئەو وڵاتە لەساڵی 2020 ببێتە گۆڕەپانی تازەی ململانێی نێوان هێزە هەرێمی و نێودەوڵەتییەكان. 

هەندێك لەوڵاتە هەرێمی و نێودەوڵەتییەكان پشتیوانی سەربازی پێشكەشی دوولایەنە ململانێكارەكە دەكەن، كە سەرپێچی و پێشێلكاری قەدەغەكردنی ناردنی چەكە بۆ ناو لیبیا، كە لە ساڵی 2011 پەسەند كراوه، ئەمەش‌ لێكەوتی نەرێنی دەبێت بۆ سەر هەموو كەرتەی ئەفریقا. 

ئێستا دوو تەوەربەندی نێودەوڵەتی لەلیبیا دروست بوون و هەریەكە و چەند دەوڵەتێك پشتیوانی لێ دەكات: تەوەربەندی پشتیوانیكردن لەسوپای نیشتمانی لیبیا بە سەرۆكایەتی موشیر خەلیفە حەفتەر.

ئەو تەوەربەندییە لە هەر‌یەك لە ڕوسیا، فەڕەنسا، یۆنان، میسر، ئوردون و سودان پێكدێت، كە بە شێوازی جۆراوجۆر پشتیوانی لە حەفتەر دەكەن وەك پڕچەككردن، ناردنی جەنگاوەر، ڕاهێنان و مەشقپێكردن و ڕاوێژكاری سەربازی، پشتیوانی سیاسی.

ڕوسیاش لە ڕووی سەربازی و بە هۆی كۆمپانیای ئەمنی تایبەتی "ڤاگنەر"ەوە، كە ژمارەیەكی زۆر لە سەربازە دێرینەكانی ڕوسیا لەخۆ دەگرێت، پشتیوانی لەسوپاسالار خەلیفە حەفتەر دەكات.

بە گوێرەی زانیاری دەزگا هەواڵگرییە ڕۆژئاواییەكانی ساڵی 2019، ئەو كۆمپانیا ئەمنییە ڕوسییە‌ 300 ئەندامی لە لیبیادا هەن و لە هەردوو بەندەری تەبڕەق و درنە جێگیرن، مەشق بەهێزەكانی حەفتەر دەكەن و كەلوپەلی لۆجستی یەدەگی بۆ دەستەبەر دەكەن وەك تۆپ و تانك و فڕۆكەی درون و چەك و تەقەمەنی و هی دیكەش. 

روسیا
لە ئۆكتۆبەری 2018 ڕوسیا هێزی تایبەتی ناردە لیبیا بۆ پشتیوانی خەلیفە حەفتەر، كە لە تەبڕەق و بەنیغازی جێگیرن، لەسیبتێمبەری 2019 ڕوسیا 100 چەكداری دیكەی ئەو كۆمپانیایەی ناردنە لیبیا.

ڕوسیا لە ڕووی سیاسیشەوە پشتیوانی حەفتەر دەكات، ئەوە بوو لە ئیپریلی 2019 نەیهێشت لەئەنجوومەنی ئاسایش نیودەوڵەتی بەیاننامەیەكی لەدژ دەربچێت بەوەی‌ هێرشەكەی بۆسەر تەڕابلوس ڕاگرێت.

فەرەنسا
لە یۆلیۆی 2016 و لەو كاتەی 3 ئەفسەری وڵاتەكەی لە لیبیا كوژران، فەرەنسا بە فەرمی و لەسەر زرای ماكڕۆن و وەزارەتی بەرگی وڵاتەكەی، بوونی سەربازی خۆی  لە ڕۆژهەڵاتی لیبیا ڕاگەیاند.

 

یۆنان
پشتیوانییەكی سیاسی لە حكومەتەكەی ڕۆژهەڵاتی لیبیا‌و سوپای نیشتمانی لیبیا دەكات، لە دوای واژووكردنی ڕێكەوتنە ئەمنی و سەربازییەكەی توركیا لەگەڵ حكومەتەكەی سەراج و دیاریكردنی سنووری نێوانیان، پشتیوانی یۆنان بۆ حەفتەر زیادیكرد. 

لە دیسەمبەری 2019، حكومەتی یۆنان دانینا بەپەرلەمانی لیبیا لە تەبڕەق وەك تاكە نوێنەری شەرعی گەلی لیبیا، هەر لەو مانگەدا وەزیری دەرەوەی یۆنان سەردانی حەفتەر و سەرۆكی حكومەتی لیبیا لە تەبڕق عەبدوڵڵا سەنی كردو باسی ئەو یاداشتنامەی لێكتێگەیشتنەی لەگەڵ كردن، كە حكومەتەكەی سەراج لەگەڵ توركیا لەسەری ڕێككەوتوون.

ئوردن
لەدیسەمبەری 2019 ڕاپۆرتێكی نەتەوە یەكگرتووەكان ئودرونی تۆمەتبار كرد بەناردنی چەك بۆ سوپای نیشتمانی لیبیا وەك ناردنی زریپۆشی "وەحش" ی دروستكراوی ئوردونی، پێشكەشكردنی ڕاوێژكاری سەربازی و مەشق و ڕاهێنان بە هێزەكاین حەفتەر، هەروەها پشتیوانی هەواڵگری و ئاڵوگۆڕی زانیاری.

سودان
لە دیسەمبەری 2019، ڕاپۆرتێكی نەتەوە یەكگرتووەكان، هێزەكانی دەستتێوەردانی خێرای سودانی بە سەرۆكایەتی محەمەد حەمیدتی سەرۆكی ئەنجوومەنی سەروەری سودان بەوە تۆمەتبار كردووە، كە لە 25 ی یۆلیۆی 2019 نزیكەی 1000 سەربازی لە لیبیا بڵاوەپێكردوە بۆ پشتیوانیكردن لە هێزەكانی حەفتەر.

میسر
لە 17 ی دیسەمبەری 2019 ، عەبدولفەتاح سیسی سەرۆكی میسر ڕایگەیاند، وڵاتەكەی دەستبەرداری سوپای نیشتمانی لیبیا و سوپاسالار حەفتەر نابێت، چونكە میسر پێی وایە گێرانەوەی ئارامی بۆ لیبیا پەیوەستە بەوەی سوپای لیبیا ڕۆڵێ ڕاستەقینیە خۆی بگێڕێت و بەسەر خاكی لبیادا باڵادەست بێت.

تەوەربەندی دووەم پشتیوانی حكومەتی سازانكاری نیشتمانی لیبیا بە سەرۆكایەتی فایز سەڕاجە، لە هەریەك لە ئەمریكا و ئیتاڵیا و توركیا و قەتەر و تونس و جەزائیر پێكدێت. 

لە 21 ی دیسەمبەری 2019، سەڕاج نامەیەكی بۆ سەرۆكی ئەمریكا و بەریتانیا و ئیتاڵیا و توركیا و جەزائیر نارد و داوای لێكردن ڕێككەوتننامە ئەمنییەكانی نێوان لیبیا و وڵاتەكانیان كارا بكەن بۆ بەرگرتن لەو هێرشەی هێزەكانی حەفتەر دەیكەنە سەر تەڕابلوس. 

جگە لە توركیا هیچكام لەو دەوڵەتانە بەدەم سەڕاجەوە نەهاتن، ئەو تەوەربەندییە پشتیوانی سەربازی ڕاستەوخۆ (وەك توركیا) یاخود پشتیوانی سیاسی حكومەتەكەی سەڕاج دەكەن وەك ئیتاڵیا و جەزائیر بەم شێوەیەی خوارەوە.

ئەمریكا 
پشتیوانی ئەمریكا بۆ سەڕاج لە ترسی پەیوەندییەكانی نێوان حەفتەر و سەرۆك پۆتینە، واشنتۆن پێیوایە سەركەوتنی حەفتەر بەسەر سەڕاجدا، برەو بەهەژموونی مۆسكۆ دەدات لە لیبیا، بۆیە لە نۆڤەمبەری 2019 داوای لە حەفتەر‌ كرد هێرشەكانی بۆ سەر تەڕابلوس ڕاگرێت كە دەبێتە هۆی دەستوەردانی زیاتری هێزە بیانییەكان لە لیبیا و بە تایبەتیش ڕوسیا كە دۆخی لیبیا بۆ بەرژەوەندی خۆی دەقۆزێتەوە. لە هەمان مانگدا شاندێكی ئەمریكی لەگەڵ حەفتەر كۆبونەوە و داوایان لێكرد شەڕ بوەستێنرێت و چارەسەرێكی سیاسی بۆ دۆخی لیبیا بدۆزرێتەوه.

ئیتاڵیا
چەندەها ساڵە ئیتاڵیاپشتیوانی لە حكومەتەكەی سەراج دەكات دژ بە هێزەكانی حەفتەر، كە فەڕەنسا پشتیوانیان لێ دەكات، ئەمەش  لە پێناو بەرژەوەندییە ئابوورییەكانی خۆیەتی و بە تایبەتیش كەرتی وزە و بواری ئەمنی، بە تایبەتیش لە ڕۆژئاوای لیبیا، كە زۆرینەی كۆچبەرانی ناشەرعی لێیەوە دەپەرنەوە بۆ ئیتاڵیا. 

لە چەندەها بۆنەشدا ڕۆما پاریسی بەوە تۆمەتبار كردووەكە بەرژەوەندی خۆی خستووەتە سەرووی بەرژەوەندی گەلی لیبیا و ئەوروپا.

لەگەڵ پێكهاتنی كابینە تازەكەی جۆزیفی كۆنتی لەدیسەمبەری 2019، حكومەتی ئیتاڵیا هەڵوێستی گۆرا، ئێستا لەناوچەی خۆڵەمێشیدایە لە هەمبەر پرسی لیبیا، بۆیە لە 17 دیسەمبەری 2019 لۆجی دی مایۆی وەزیری دەرەوەی‌ ئیتاڵیا سەردانی لیبیای كردوو و لەگەڵ سەراج و حەفتەر كۆبۆوە، دواتر ڕایگەیاند كە چارەسەری سەربازی لە لیبیادا بوونی نییە و ئەوان پشتیوانی نەتەوە یەكگرتووەكان دەكەن بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێكی سیاسی، واتە ڕۆما هەم پشتیوانی لە سەراج دەكات و هەمیش پەیوەندییەكاین لەگەڵ حەفتەر‌ خۆشكردووە.

توركیا
لە دیسەمبەری 2019 نەتەوە یەكگرتووەكان لەڕاپۆرتێكیدا توركیای بەوە تۆمەتبار كرد، كە چەكی پێشكەوتووی وەك تانك و فڕۆكەی بێفڕۆكەوان و موشەكی دژە قەلغانی ناردون بۆ لیبیا بۆ پشتیوانی لەحكومەتەكەی سەراج و میلیشیا چەكدارەكانی، ئەمەش‌ پێشێلكاری قەدەغەكردنی ناردنی چەكە بۆ لیبیا، كە لە ساڵی 2011 وە بڕیاری لێدراوە، توركیا فڕۆكەی جۆری بەیرەقداری بێفڕۆكەوانی داوەتە حكومەتەكەی سەڕاج و تیمێكی توركی پسپۆڕیش لە تەڕابلوسی پایتەخت سەرپەرشتی دەكەن. لە مایۆی 2019، توركیا لە ڕێگەی بەندەری تەڕابلوسەوە، نزیكەی 40 زرێپۆشی دروستكراوی ووڵاتەكەی لە جۆری "كێربی" ڕادەستی حكومەتەكەی سەڕاج كرد. 

لە 2 ی یەنایەری 2020 پەرلەمانی توركیا بڕیاری ناردنی هێزی سەربازی بۆ توركیا پەسەند كرد، لە 8 ی یەنایەری 2019 ئەردۆغان ڕایگەیاند، 35 سەربازیان بۆ پشتیوانی سەڕاج ناردۆتە لیبیا. 

پێشتریش ئەنقەرە چەكدارە سورییەكانی ڕەوانەی لیبیا كردوون، وێستگەی ڕادیۆیی فەڕەنسی "Rf1" لە 31 ی دیسەمبەری 2019 ڕایگەیاند كە توركیا لە ڕێگەی فڕۆكەوە نزیكەی 500 چەكداری سوری ڕەوانەی لیبیا كردوون.

 ئاژانسی بلۆمبێرگی ئەمریكیش لە 27 ی دیسەمبەری 2019 ڕایگەیاند كە لایەنە سورییە توركومانەكانی باكوری سوریا، بەو زووانە دەچنە لیبیا بۆ پشتیوانیكردن لە حكومەتەكەی سەڕاج و بەرەنگاربوونەوەی هێزەكانی حەفتەر. ڕوانگەی سوری بۆ مافەكانی مرۆڤ دەڵێت تاوەكو ئێستا توركیا 300 چەكداری سوری ڕەوانەی لیبیا كردوون، مانگانەش بڕی 2000 بۆ 2500 دۆلاری ئەمریكییان پێدەدات و بۆ ماوەی 6 مانگ گرێبەستی لەگەڵ كردوون.

قەتەر 
پشتیوانی میلیشیا ئیسلامییەكان دەكات، كە بەرگری لە حكومەتەكەی سەڕاج دەكەن، هاوئاوازی توركیایە، لە 15 ی دیسەمبەری 2019 و لە میانەی پێشوازیكردنیشی لە فایز سەڕاجی سەرۆكی حكومەتی سازانكاری نیشتمانی لیبیا، شێخ تەمیمی میری قەتەر ووتی ئامادەن پشتیوانی ئەمنی و ئابووری پێشكەشی حكومەتەكەی سەڕاج بكەن.

جەزائیر
حكومەتەكەی سەڕاج و جەزائیر لە هەوڵدان ڕێككەوتننامە ئەمنییەكانی نێواینان كار بكەن و ڕێككەوتننامەی دیكەی تازەش واژۆ بكەن، لە یۆلیۆی 2019، فەتحی پاشای وەزیری بەرگری حكومەتەكەی سەڕاج، لەگەڵ هاوتا جەزائیرییەكەی كۆبۆوە بۆ كاراكردنەوەی لیژنە ئەمنییەكانی نێوان هەردوو ووڵات. لە ئۆگۆستۆسی 2018 حەفتەر جەزائیری بەوە تۆمەتبار كرد كە سنورەكانی لیبیایان بڕیووە، ئەمەش تۆمەتباركردنی جەزائیرە بەوەی یارمەتی میلیشیا چەكدارەكانی سەر بە حكومەتەكەی سەڕاج دەدات.

سەرچاوە: موستەقبەل
وەرگێران: لوقمان حاجی قادر