خۆپیشاندەرانی بەغدا ناوی چەند كاندیدێك بۆ سەرۆك وەزیران رەتدەكەنەوە

عیراق

21/01/2020‌ 1326 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
خۆپیشاندەرانی گۆڕەپانی تەحریری بەغدا ناوی هەریەكە لە محەمەد تۆفیق عەلاوی و عەلی شوكریان بۆ سەرۆك وەزیرانی عێراق رەتكردەوە.

خۆپیشاندەران شەوی رابردوو دوو پۆستەری گەورەیان لەگۆڕەپانی تەحریر بەرزكردەوەو تێدا ناوی ئەو دوو كاندیدەی لەسەر نووسرابوو، كە جەختیانكردبووەوە، ئەو دوو كاندیدەیان بۆ سەرۆك وەزیران قبووڵ نییە.

خۆپیشاندەران پۆستەرەكەیان بەسەر بینای چێشتخانەی "توركی" لەسەر پردی كۆماری سەر رووباری دیجلە هەڵواسبوو.

ئەوە لەكاتێكدایە سەرچاوەیەكی ئاگادار رایگەیاندووە، كە بەدرێژایی رۆژی دوو شەممە لایەنەكان گفتوگۆیان لەسەر ناوی چەند كەسێك كردووە، بۆ ئەوەی یەكێكیان ببێتە كاندید بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران، بەڵام لەسەر هیچ كاندیدێك رێكنەكەوتوون.

سەرچاوەكان باس لەوە دەكەن، ناوی هەریەكە لە عەلی شوكری، محەمەد تۆفیق عەلاوی و مستەفا كازمی پێشكەش سەرۆك كۆماری عێراق كراوە بۆ ئەوەی یەكێكیان بۆ سەرۆك وەزیرانی نوێی عێراق رابسپێرێت.

هـ ـ ح