بۆچی ئەنگیلا مێركل لەكارەكەیدا لەئەستەمبوڵ شكستیهێنا؟

ڕاپۆرت

30/01/2020‌ 2164 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بەو ناونیشانەی سەرەوە، گۆڤاری (نیزافیسیمایا غازیتا) راپۆرتێكی بڵاوكردووەتەوە دەربارەی پێشنیاری راوێژكاری ئەڵمانیا بە گرێدانی دیداری دووەم سەبارەت بەلیبیا لە ئەستەمبوڵ و هەڕەشەكردنی ئەردۆغان لە ئەوروپا بە كارتی پەنابەرە سورییەكان.

بەپێی راپۆرتەكە (قسە كردن دەربارەی پارە)، بەو ناونیشانە رۆژنامەی (فیلت) ی ئەلمانی كۆمێنتی پەیامنێرەكەی لە توركیا سەبارەت بە سەردانیكردنی راوێژكاری فیدراڵی ئەنگیلا مێركل بۆ توركیا چاوپێكەوتنی بەئەردۆغان بڵاوكردووەتەوە. 

بەگوێرەی رۆژنامەكە، پارە رۆڵێكی گەورەی بینیوە لەگۆڕینەوەی دیدگای نێوان مێركڵ و ئەردۆغاندا، كە دیارە، كاری یەكەمین بەلای مێركلەوە چارەسەركردنی كێشەی لیبیا بووە. 

هەر بەگوێرەی راپۆرتەكە، هەرچی كێشەی مێركڵە، ئەوەیە كە بەڵگەنامەی كۆتایی بۆ چارەسەركردنی ئاشتییانەی پرسی لیبیایە، كە لە 55 خاڵ پێكهاتووە و سەراج واژووەی لەسەر كردووە، حەفتریش لەسەری رازی نییەو ئەمەی دواییان تەنیا رەزامەند بووە لەسەر ئاگر بەست و بەڵگەنامەكەی واژووە نەكردووە. 

هەر ئەمەش بوو وای كرد مێركل بچێت بۆ ئەستەمبوڵ، دوای چەند رۆژێك لە كۆتایی هاتنی لوتكەی بەرلین.

بۆ رزگاركردنی پرۆژەی كۆتایی هێنانی ململانێ لە لیبیا، مێركڵ بڕیاریدا دەستێوەردان بكات هەتا لە پەیوەندی ئالۆزی نێوان توركیا و یەكێتی ئەوروپاش، تا ئەو رادەیەی ئامادەیی تێدا بووە پارە لە بودجەی ئەڵمانیا بدات بە توركیا لەجیاتی یەكێتی ئەوروپا، لەبەرانبەر پابەندبوونی ئەردۆغان بە رێككەوتنی بەرلینی تایبەت بە لیبیا. 

دیارە مێركڵ بە باشی هەستی بەوە كردووە ئەگەر ئەردۆغان سنوور بۆ 3 ملیۆن پەنابەری سوری بكاتەوە، ئەوروپا رووبەرووی كێشەی كۆچكردن دەبێتەوەو لە كێشەی 2015 قورستر دەبێت.

پێش سەردانیكردنەكەشی، مێركڵ باسی لەوە كرد كۆنگرەی دووەم دەربارەی لیبیا لە ئەستەمبوڵ دەبەسترێت بە بەشداری كردنی سەرۆكی توركیا رەجەب تەیب ئەردۆغان و سەرۆكی فەرەنسا ماكرۆن و سەرۆكی روسیا پۆتین و سەرۆكی حكومەتی ئەڵمانیا. 

پەیامنێرەكە تێبینی ئەوەی كردووە، كە سەركەوتنی مێركڵ سەبارەت بە لیبیا، یاخود پەنابەران، بە شێوەیەكی راستەوخۆ پشت بە هەڵوێستی ئەردۆغان دەبەستێت، كە لە سەردانیكردنەكەشیدا بۆ توركیا ئەوە دەركەوت ئەردۆغان دەتوانێت راوێژكاری ئەڵمانیا بترسێنێت.

سەرچاوە: RT.Arabic
وەرگێڕان: حلمی رەسول رەزا