بۆچی زۆرینەی پەتاكان لەچینەوە سەرهەڵدەدەن؟

لە میدیاکانەوە

03/02/2020‌ 1336 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: 
لە 27ی دەسەمبەری ٢٠١٩ ، شی چینگچینگ سەردانی ماڵی دایك و باوكی كرد لەنزیك بازاڕی گۆشتفرۆشان لەشاری ووهانی ناوەراستی چین، دوای ماوەیەك و لەسەرەتای مانگی كانوونی دووەمی ئەمساڵدا هەستی بە  كرد تای لێیە، بۆیە سەردانی نەخۆشخانەی كرد ، لەوێش چەند دەرمانێكی سووكیان پێدا و رەوانەی ماڵەوەیان كردەوە .

لە 9ی كانوونی دووەم وەزارەتی تەندروستی چین رایگەیاند، ڤایرۆسی "كۆرۆنای نوێ"یان دۆزیوەتەوە ، بۆ رۆژی دوایی یەكەم كەس بەهۆی ڤایرۆسەكەوە گیانی لەدەستدا .

جارێكی تر بەهۆی تووشبوونی بەڤایرۆسەكە شی گەڕایەوە بۆ نەخۆشخانە، هەرچەندە سەرەتا نەخۆشییەكە زۆر بەهەند وەرنەگیرا تا ژمارەی تووشبووەكان بەرزبووەوە و ژمارەی ئەوانەی بەهۆی نەخۆشییەكەوە گیانیان لەدەستدا سەد كەسی تێپەڕاند، دوای ئەوە رووداوەش شاری ووهان بەتەواوی خرایە ژێر سایەی "دابڕینی تەندروستی".

لەو بارەیەوە كریستیان لیدنمایەر، بەرپرس لە رێكخراوی تەندروستی جیهانی دەڵێت: ئەگەر بەدەستمدا كۆكیم و مۆبایلەكەم دایە دەست كەسێك ئەوە نەخۆشییەكە راستەوخۆ بۆ كەسی بەرانبەر دەگوازرێتەوە.

ئەو نەخۆشیانەی لەچین درووست دەبن 
ئەوە یەكەمجار نییە، كە جیهان رووبەرووی نەخۆشییەك دەبێتەوە سەرچاوەكەی لە چینەوەیە، بەڵكو لەساڵی ٢٠٠٢ ڤایرۆسی "سارس" ٧٧٤ كەسی كوشت، هەروەك لەنێوان ٢٠١٣ بۆ ٢٠١٩ ئەنفلۆنزای باڵندە نزیكەی ٦١٦ كەسی كوشت، تا ٣٠ كانوونی دووەمی ٢٠١٠ ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ ١٧٠ كەسی كوشتووە، سەرچاوەكەیان هەر چین بووە .

كەواتە بۆچی نەخۆشییەكان لەچینەوە سەرهەڵدەدەن؟ 
بەگوێرەی رۆژنامەی واشنتۆن پۆستی ئەمەریكی، دوای دەركەوتنی كۆرۆنا  گومانی ئەوە دەكرا، كە رەنگە ڤایرۆسەكە لە تاقیگەیەكی سەر بە بەرنامەی چەكی بایۆلۆجی چینییەوە پەیدابووبێت، بەڵام چەندین فاكتەر هەیە، كە وادەكەن چین خاكێكی بەپیت بێت بۆ سەرهەڵدانی ئەو جۆرە نەخۆشیانە لەوانە : 

كێڵگە و بازارەكانی گۆشتفرۆشی  
بەگوێرەی "رۆژنامەی واشنتۆن پۆست"، لەچین ژمارەی ئاژەڵەكان سێقاتی ژمارەی مرۆڤەكانە، بەجۆرێك خەڵك لەگەڵ پەلەوەر و ماڵاتەكانیاندا دەژین، كە ئەمە دەرفەتی درووستبوونی نەخۆشی نوێ و كوشندە دەرەخسێنێت، جگە لەفرۆشتنی ئاژەڵ و گۆشت لە بازارگەلێكی میللی، كە پێیان دەوترێت "بازاڕی تەرەگۆشت"، كە خەڵكێكی زۆر رووی تێدەكەن‌و كانگەیەكن بۆ گەشەكردنی ئەو جۆرە ڤایرۆسانە .

لەساڵی ٢٠١٣ ژمارەیەكی زۆر لەو بازارە میللیانە داخران كەچی لەشوێنی ئەوان چەندین بازاڕی تر كرانەوە، كە زۆر لەوانی پێشوو ترسناكتر بوون .

سیاسەتی پەردەپۆشكردن 
بەگوێرەی گۆڤاری فۆرین پۆلیسی، دوای دەركەوتنی یەكەم تووشبووی ڤایرۆسەكە، چین بۆماوەی ١٠ رۆژ هەواڵەكەی شاردەوە، تەنانەت چەندین هاووڵاتی دەستگیركرد بەتۆمەتی ئەوەی دەنگۆی ناڕاست لەسەر نەخۆشییەكە بڵاودەكەنەوە، تەنانەت لەكاتی رووماڵكردنی هەواڵەكانی پەیوەست بەنەخۆشییەكە هەڕەشە لە رۆژنامەنووسان دەكرا، جگە لەوەی دەسەڵاتداران رایانگەیاند، كە نەخۆشییەكە لە ئاژەڵەوە بۆ مرۆڤ ناگوازرێتەوە، كە دواتر ناراستی ئەو قسەیە دەركەوت .

زۆری ژمارەی دانیشتووان 
بەگوێرەی گۆڤاری زانستیی "نەیچەر"، زۆری ژمارەی دانیشتووانی چین یەكێك لەهۆكارەكانی خێرابڵاوبوونەوەی نەخۆشییەكە و گواستنەوەیەتی بۆ دوورترین شوێن، لەبەر ئەوەی قەرەباڵغی و گەشتكردنی نێودەوڵەتی هاووڵاتییەكانی هاوكاری ئەو گواستنەوەیە دەكات .

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی