بۆچی سەرۆك وەزیری قەتەر دەستی لەكاركێشایەوە؟

لە میدیاکانەوە

05/02/2020‌ 2349 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
چەند سەر‌چاوەیەكی دبلۆماسی ڕۆژئاوایی، گرنگترین هۆكاری دەستلەكاركێشانەوەی شێخ عەبدوڵڵا بن ناسڕی سەرۆك وەزیری پێشووی قەتەر بۆ ئەوە دەگێڕنەوە، كە ناچاریان كردووە  ڕێككەوتنێكی‌ ئەمنی سەراپاگیر لەگەڵ توركیادا واژووبكات.

سەرۆك وەزیری پێشوو، كە وەزیری ناوخۆش بوو، پێی وابوو ڕێككەوتننامە ئەمنییە سەراپاگیرەكە، كە قەتەر لەگەڵ توركیا واژووەی كردووە، ئامانجە ڕواڵەتییەكەی پاراستنی ڕێكخستنی مۆندیالی 2022  قەتەرە لە لایەن هێزە ئەمنییەكانی توركیاوە، بەڵام لە ناوەرۆكدا سنووری ئەو ئەركە ڕاگەیەنراوە تیدەپەڕێنێت، چونكە بۆ ماوەی 5 ساڵ بەردەوام دەبێت.

ساڵی پار قەتەر ڕێككەوتننامەی "هاوبەشبەندی ستراتیژی" لەگەڵ توركیادا مۆركردووە بۆ ئامادەسازی و ڕێكخستنی مۆندیالی 2022، لە ئۆكتۆبەری ڕابردووش سەرۆك وەزیری پێشوو لەگەڵ سلێمان سۆیلۆی وەزیری ناوخۆی توركیا یاداشتنامەی لێكتێگەیشتنی نیازە پاكی و هاریكاری لە زۆر بواری جۆراوجۆردا بۆ ئەنجامدانی چالاكی گەورە لە نێوان هەردوولا واژووەكردووە.

چاوێران پێیان وایە ڕێككەوتنەكە وەك سەپاندنی پاراستنی توركیا وایە بەسەر قەتەرەوە، كە لە دەوروبەرە عەرەبییەكەی گۆشەگیركراوە، بۆیە خۆی هاویشتووەتە ئامێزی توركیاوە، چونكە زیاتر لە دوو ساڵ لەمەوبەر، هەرچوار وڵاتی سعودییە و ئیمارات و بەحرێن و میسر پەیوەندییان لەگەڵ دەوحەدا پچڕاندووە.

چاودێران دەڵێن ڕێككەوتنەكە وا دەكات قەتەر لەبواری ئەمنیدا‌ بە تەواوی دزەی بكرێتە ناو، دەشڵێن كاتێك سەرۆك وەزیری پێشوو ڕێككەوتننامەكەی لە توركیا مۆركردووە زۆر بێزار بووە و لە ئاست بەرپرسە توركەكانیشدا بەكەمتر لە سەنگ و قورسایی پۆستەكەی دەركەوتووە، چونكە وەزیری ناوخۆی توركیا ڕێككەوتننامەكەی لەگەڵ واژووكردووە، نەك هاوتا توركییەكەی، كە دەبوو سەرۆك وەزیرانی توركیا بێت.

بەگوێرەی ڕێككەوتننامەكە چەند یەكەیەكی پۆلیسی توركی بۆ پاراستنی چالاكییەكانی مۆندیالی 2022 لە دەوحە بڵاوەیان پێدەكرێت.

پێگەی نۆردك مۆنیتەر هەواڵی، باسی لەوە كردووە داوا لە شێخ عەبدوڵڵا بن ناسڕی وەزیری ناوخۆ كراوە ئەو رێككەوتننامەیە تێپەڕێنێت، ئەویش پێی وابووە ڕێككەوتننامەكە قەتەر كۆت و بەند دەكات و وا دەكات توركیا دەستوەردانی زیاتر بكات لە كاروباری وڵاتەكەی.

لە سایەی بوونی بنكەیەكی سەربازی توركی، كە هەزارەها سەرباز لە خۆدەگرت لە هێزی وشكانی و دەریایی و ئاسمانی، دەوحە دەتوانێت لە كاتی بوونی هەر هەڕەشەیەكی ئەمنی یان سەربازی، داوای یارمەتی لە توركیا بكات.

ئامانجی ئەنقەرەش لە پشت ڕێككەوتننامەكەوە، فراوانكردنی هەژموونی خۆیەتی لەناوچەكە، بۆیە هێزەكانی لە بنكەی‌ تاڕق بن زیاد جێگیركردوون.

ئیلهان تانێری نووسەری توركیش پێیوایە، كە هەڵوێستەكەی شێخ عەبدوڵڵا بن ناسڕ لە ڕەتكردنەوەی هەژموونی توركیا لە وڵاتەكەیدا، خاڵێكی وەرچەرخان و گرنگە لە بەرەنگاربوونەوەی ڕێككەوتننامەكە.

تانیر دەشڵێت: بەڵگەنامە دزەپێكراوەكان ئاماژە بەوە دەدەن لە دوای واژووكردنی ڕێككەوتننامەكە، باڵەكانی توركیا لە قەتەر زۆر بەهێز بوون.

تانیر ئەوەشی وتووە، ڕێككەوتنە ئەمنییەكەی نێوان ئەنقەرە و دەوحە بە كۆتاییهاتنی مۆندیالی قەتەری ساڵی 2022 كۆتایی نایەت و تا ساڵی 2025 بەردەوام دەبێت.

سەرچاوە: عەرەب
وەرگێران: لوقمان حاجی قادر


بەپەلە