ئەمەریكا بۆ ڕووبەرووبوونەوەی "هواوی" كۆمپانیاكانی ئیریكسۆن و نۆكیا دەكڕێت

هەمەڕەنگ

12/02/2020‌ 500 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ویلیام باری وەزیری دادی ئەمەریكا رایگەیاند، ئەمەریكا و هاوپەیمانەكانی بەمەبەستی ڕووبەڕووبوونەوەی زاڵبوونی كۆمپانیای "هواوی" چینی بەسەر تەكنەلۆژیای نەوەی پێنجەم لە بوارەكانی پەیوەندییە بێتەلەكاندا، هەڵسەنگاندن بۆ كڕینی "پشكی كۆنترۆڵكردن"ی كۆمپانیاكانیاكانی نۆكیای فینلەندی و ئیریكسۆنی سویدی دەكەن.

وەزیری دادی ئەمەریكا لەكۆنگرەیەكی تایبەت بەسیخوڕیكردنی ئابوورییانەی چین وتی: بۆ رەواندنەوەی نیگەرانییەكانمان لەزاڵبوونی چین بەسەر ئەو جۆرە تەكنەلۆژیایە چەند پێشنیازێك هەیە، ئەویش لەڕێگای هاتنی ئەمەریكا بۆ پاڵ كۆمپانیاكانی نۆكیا و ئیریكسۆن.

بار روونیكردەوە، ئەو هاتنەپاڵە لەڕێگای خاوەنداری ئەمەریكا دەبێت بۆ پشكەكانی كۆنتڕۆڵكردنی ئەو كۆمپانیایانە جا بەشێوەی راستەوخۆ بێت یاخود لەڕێگای كۆمپانیا تایبەتەكانی ئەمەریكا و وڵاتە هاوپەیمانەكانی ئەمەریكاوە  . 

وتیشی: وەستان لەپشت یەكێك، یان هەردوو كۆمپانیاكە لەناو بازارە زەبەلاحەكەمان و هێزە داراییەكەمان وادەكات ركابەرێكی زۆر بەهێزتر بن و پاڵنەرەكانی نیگەرانیش دەڕەوێننەوە.

بەهای بازاڕی هەردوو كۆمپانیاكە نزیكەی ٥٠ ملیار دۆلارە، هێشتا نازانرێت سەرچاوەی دارایی ئەو پارەیەی ئەمەریكا بۆ كڕینی ئەو پشكانە لەكوێوە دێت.

كۆمپانیای ئیریكسۆنی سویدی ئامادە نەبوو هیچ لێدوانێك لەبارەی ئەو هەنگاوەی ویڵاتە یەكگرتووەكانەوە بدات ، هەروەك كۆمپانیای نۆكیاش هێشتا هیچ سەرنجێكی نەداوە، هەروەها دوای ئەو لێدوانەی وەزیری گەنجینەی ئەمەریكا پشكی كۆمپانیاكە لەبازاڕەكانی ئەوروپا بەرزبوونەوە.

وەرگێران: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی  


بەپەلە