ئەمریكا چی لەو سیاسەتە چەوتانەوە‌ فێر دەبێت كە بەرانبەر كورد ئەنجامیدا؟

ڕاپۆرت

15/02/2020‌ 2078 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
سەرباری ئەوەی هێزەكانی سوریای دیموكرات، سەلماندیان، كە هاوبەشێكی جێی متمانەن لە جەنگی دژ بەداعشدا، ناوچەی قەڵەمڕەویشیان لە وڵاتێكی پەرتەوازەدا سەقامگیر بوو، بەڵام پاشەكشەی ئەمریكییەكان لە ئۆكتۆبەری 2019 لە ڕۆژئاوای كوردستان لە سوریا، بەتەواوی بیرۆكە ناواقعییەكەی هاوبەشبەندییەكی هەمیشەیی لەگەڵ ئەمریكییەكاندا تێكشكاند، سەرباری زەقی و بەرچاوی ئەو دەرئەنجامە، ئەوەی جێی سەرسامییە ئەوەیە، كە سەركردایەتی سەربازی و سیاسی ئەمریكا، چاوەڕێی ئەو شیمانەیەی (احتمال) نەكردبێت.

داگیركارییەكەی توركیا بۆ رۆژئاوای كوردستان، بووە هۆی ئاوارەبوونی 100 هەزار كەس و ئەنجامدانی تاوانی جەنگ لە لایەن هێزەكانی توركیا و میلیشیا پاشكۆكانی. 

ئەمەش لە میدیا ڕۆژئاواییەكان و نێو سیاسییە ئەمریكییەكان و هاوپەیمانەكانیدا، ناڕەزاییەكی فراوانی بەدوای خۆیدا هێنا، سەرباری ئەوەش نابێت ئەم ڕەفتارەی ئەمریكا جێی سەرسامی بێت، چونكە نیگەرانییە ئەمنییەكانی توركیا لەكوردەكانی ڕۆژئاوا، زۆر بەهێز بوون، هەروەها سرووشتی پەیوەندییەكانی ئەمریكا - توركیاو سیاسەتی نادیاری ئەمریكا لە سوریا، هۆكارێكی دیكەی ئەم هەنگاوەی واشنتۆن بوون.

هاوبەشبەندی ئەمریكا – كورد لە ڕۆژئاوای كرودستان لەجەنگی كۆبانییەوە لە ساڵی  2014 دەستیپێكرد، كاتێك‌ ئەمریكییەكان بەهێزی ئاسمانی پشتیوانیان لە هێزی وشكانی  كوردەكان كرد، ئەمەش‌ وای لە توركیا كرد بەپلەی یەكەمی خەمی گەورەی جڵەوگیری بەرزەفڕییەكانی كورد بێت، بە تایبەتیش دوای ئەوەی كوردەكانی ڕۆژئاوا بەسەر داعشدا سەركەوتن.

بەلای توركیاوە، یەكینەكانی پاراستنی گەل، باڵێكی سەربازی پارتی كرێكارانی كوردستانن، ئەمریكاش ئەو پارتەی خستووەتە لیستی تیرۆرەوە، بۆیە دەبوو ئەمە بەس بێت بۆ بڕیارسازانی ئەمریكا، كە بزانن دۆخەكەیان بۆ ناچێتەسەر. 

سەرباری ئەوەی نیگەرانییە ئەمنییەكانی توركیا لە لایەن بەرپرسە ئەمریكییەكانەوە فەرامۆشكران، كەچی سەركەوتنەكانی یەكینەكانی پاراستنی گەلی بەردەوام بوون، دواتر هێزەكانی سوریای دیموكراتیش پێكهاتن، هەموو ئەمانە ترسی توركیایان زیاتر كرد، كە ئەندامێكی ناتۆیە، بۆیە لە ئاكامدا هەمیشە نیگەرانییەكانی توركیا، لەچاو هاوپەیمانییەكی تاكتیكی لەگەڵ كوردەكاندا، زیاتر جێگەی گرنگیپێدان بوون.

دوای شكستپیهێنانی داعش، ئامانجەكانی ئەمریكا لە سوریا نادیار و لێڵ بوون، ئەمەش ڕێخۆشكەر بوو بۆ بەرتەسكبوونەوەی بوونی سەربازییان لەو وڵاتەدا، كاتێك هێزەكانی سوریای دیموكرات لە ساڵی 2017 لە ڕەقە و دێرزور شكستیان بەداعش هێنا، دیار بووە ئایندەی داعش بەرەو كۆتاییە. سەرباری نرخاندنی كۆششەكانی هێزەكانی سوریای دیموكرات لە جەنگی دژ بە داعش، كەچی هەردوو وەزارەتی بەرگری و دەرەوه،‌ ئاماژەیەكی ڕوون و ئاشكرا نەبووە بۆ مانەوە له سوریا، سەقامگیری دیموكراسیەتەكەی كوردەكانی ڕۆژئاواش بەس نەبوو بۆ ئیدارەكەی ترەمپ، تاوەكو بڕیاری مانەوە بدات لەو وڵاتەدا‌.

هەروەها ترامپ بە ڕاشكاوی وتی: لەگەڵ مانەوەی هێزەكانی وڵاتەكەیدا نییە لە سوریا، بەمەش لە ساڵی ‌ 2018 هەڕەشەی كشانەوەی كرد، بۆیە دەبوو ئەو كات هەردوو وەزارەتی بەرگری و دەرەوە گوێبیستی ئەو زەنگەی تڕەمپ بوونایە و گۆمانیان لە نیازی ئیدارەكەیان بكردایە. 

دەبوو بەرپرسە ئەمریكییەكان پلانیان بۆ ئەو كشانەوە دابنایە، بە جۆرێك هاوپەیمانە كوردەكانیان پاراستبایە. بۆیە بڕیارەكەی‌ تڕەمپ لە دیسەمبەری 2018 بە كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا، ئامادەسازی پێویستی بۆ نەكرابوو، هەر بۆیە زۆرێك لە یاسادانەر و گەورە بەرپرسانی ئەمریكا بە ورویاییەوە مامەڵەیان لەگەڵ ئەو هەنگاوەدا كرد، چونكە كشانەوەكە خێرا و بێسەرەوبەرە بوو. 

جەنگە سەختەكەی كوردەكان ئەوە بوو كە لە بەرامبەر هەڕەشەی توركیادا پارێزگاری لە پشتیوانی ئەمریكا بكەن. توركەكانیش باش شارەزای ووردەكارییەكانی سیاسەتی ئەمریكا بوون لە نێو كۆنگرێسدا، شارەزاییان هەبوو سەبارەت بە گرنگی پرسە داراییەكانی نێوان خۆیان و واشنتۆن كە چەندەها جار لە ڕێگەی فشارخستنەسەر یاسادانەرە ئەمریكییەكانەوە وەك پرسی دانپێدانەنانی كۆمەڵكوژی ئەرمەنەكان، كاریگەرییان بۆسەر بڕیارەكانی كۆنگرێس هەبووە.

سەركەوتنە سیاسییە‌كانی هێزەكانی سوریای دیموكرات لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكادا دەنگدانەوەیەكی باشی هەبوو. بەمەش كوردەكان توانیان دەنگیان بگاتە یاسادانەرە ئەمریكییەكانی وەك سیناتۆر ماڕكۆ ڕۆبیو و تیم كین و ڕۆن جۆنسۆن و سەرجەم ئەندامانی لیژنەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی ئەنجومەنی پیران. لەو ماوەی پێشووشدا، مەزڵوم كۆبانی سەركردەی هێزەكانی سوریای دیموكرات قسەی لەگەڵ تڕەمپ كرد. بە درێژایی هەڵمەتی دژ بە داعش و هەڵمەتە داگیركارییەكەی توركیا بۆ سەر ڕۆژئاوای كوردستان، ناوناوبانگی كوردانی ڕۆژئاوا، لە دامەزراوەكانی هزر و دیدو بۆچوونەكانی میدیای ئەمریكادا، لە ئاستێكی بەرزدا بوو.

 سەرباری هەموو ئەمانەش، كەچی فشاركردنەسەر یاسادانەرەوە ئەمریكییەكان بۆ توركیا كارێكی تازە نەبوو، دەركەوتووە كە لە ساڵی 2009 بڕی 1.7 ملیۆن دۆلاریان لەو پێناوەدا خەرج كردووە. لە ساڵی 2018 توركیا 6.6 ملیۆن دۆلاری خەرج كردووە، لە بەرامبەریشدا هێزەكانی سوریای دیموكرات، تەنها 120 هەزار دۆلاریان خەرج كردووە. 

جگە لەمەش، كەسانێكی زۆری دیكەی ئەمریكی، لە بری توركیا، بە فەرمی فشاریان خستۆتەسەر دامەزراوەكانی ئەمریكا؛ وەك بۆرتەر غرۆسی بەڕێوەبەری پێشووی ئاژانسی مەركەزی هەواڵگری ئەمریكا، تۆم داشڵی سەرۆكی زۆرینەی دیموكراتەكانی پێشوو لە ئەنجومەنی پیران و جەنەڕاڵ مایك فلینی ڕاوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی پێشوو و كەسانی دیكەش. 

چۆن ئەو ڕاستییانەی سەرەوە بەسەر ئەندامە دیارەكانی كۆنگرێسدا تێپەڕیوون كە بە ڕاشكاوی كشانەوەی هێزە سەربازییەكانی وڵاتەكەیان لە سوریا شەرمەزار دەكرد؟ ئەمە بە لایەنی كەوە جێگەی سەرسوڕمانە. 

گومانیش لەوەدا نییە كە پێگەی 60 ساڵەی توركیا لە ناتۆدا، زێدەمافی دارایی و سیاسی پێبەخشیووە، ئەوانەش‌ كە دەبوو ئەو ڕاستییەیان بزانیبایە، لە ڕاستیدا كوێربوون و چاویان ئەو ڕاستییەی نەدەبینی.

سەرباری ڕەفتاری دوژمنكارانەی توركیا، بەڵام ئەگەری سەركەوتنی داڕشتنی ستراتیژییەكی دوورمەودا لە بەرژەوەندی كوردەكان لە ئارادا بوو. بێگومان كۆششی پاڵەوانبازییە نەبڕاوەكانی كوردەكانی ڕۆژئاوا لە جەنگی دژ بە داعش، ویژدانی ڕۆژئاوای جوڵاند، بەڵام ڕاستییە تاڵەكان لەو وێژدانە گەورەتر بوون.

لەو كاتەی ئیدارەكەی‌ ئۆباما، پەی بە كارایی یەكینەكانی پاراستنی گەلی كوردی سوریا بردبوو لە جەنگانی دژ بە داعش، كەچی ترس و دڵەڕاوكێی ئەندامێكی سەرەكی ناتۆی فەرامۆش كردبوو لەوەی ئەو سەركەوتنەی كوردەكان لەبار بەرێت كە لە عێراق و سوریا بەدەستیان هێنابوو. 

جا چ ئەوەی‌ تڕەمپ ئەو ڕاستییەی‌ زانیبێت یاخود نا، پێش ساڵی 2019 بڕیاری دابوو هێزە سەربازییەكانی وڵاتەكەی لە ڕۆژئاوای كوردستان بكێشێتەوە، لە هەموو بارەكاندا، دەبوو بڕیارسازە سیاسی و فەرماندە سەربازییه ئەمریكییە‌كان لەو پرسە بەئاگابان.

سەرباری هەموو ئەمانەی سەرەوە، پەیوەندی 60 ساڵی ئەنقەرە لەگەڵ واشنتۆن، توركیای فێری ئەوە كرد، چۆناوچۆن لە نێو ناوەندەكانی دەسەڵاتی واشنتۆندا هەڵسوڕێت. سەرباری هەستە ناخۆشەكانیشی، دەبێت ئەمرێكا تاڵاوی دیمەنی قوتدانی هاوبەشێكی باش و متمانەپێكراو بچێژێت كە دەكەونە بن پێی دوژمنە سەرسەختەكانیان.

دەكرێت بڕیارسازە سیاسی و شارەزایانی سیاسەتی دەرەوه،‌ لە ئایندەدا خۆیان لەو كارەساتانە بپارێزن كە لە پرسی كوردەكاندا تووشی هاتوون، ئەمەش بەوەی پەیوەندی ستراتیژی واقعییان لەگەڵ پەرەپێبدەن و مشتومڕی زیاتر لەوبارەوە لە دەزگا پەیوەندیدارەكانیاندا بكەن.

هەمووشمان وێنەی توڕەیی كوردەكانی ڕۆژئاوای سوریامان بینی، كە سەو‌زەمەنی و بەرد دەگرنە كاروانە سەربازییەكانی ئەمریكا و ڕوسیا، ئەم وێنەیە بەرەنجامی تێوەگلانی كورتبینی و نادیاری ئەمریكا بوو لە پرسی سوریادا.
 
سەرچاوە: ئەلمەركەز ئەلكوردی للدراسات
نووسین: ڕیان غاردینەر
 وەرگێران: لوقمان حاجی قادر