پارتی هەڕەشەی بەكارهێنانی كارتە فشارەكانی لەدژی عەلاوی دەكات

کوردستان

18/02/2020‌ 1720 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
دیار بەرواری پەرلەمانتاری پارتی دیموكراتی كوردستان هەڕەشەی ئەوەی كردووە، كورد گەلێك كارتی گوشاری بەدەستەوە بۆئەوەی رێگە نەدات كابینەی محەمەد تۆفیق عەلاوی سەرۆك وەزیری راسپێرداو لەپەرلەمان دەنگی پێنەدرێت‌و دەڵێت: پێكهێنانی حكومەت بێ سازان لەگەڵ پێكهاتەكان كارێكی هەڵەیە.

بەرواری لەلێدوانێكیدا بۆ رۆژنامەی "عەرەبی جەدید" دەشڵێت: دەبێت رای هێزە سیاسییە كوردی و سوننییەكان بەهەند وەربگیرێت، نابێت پرۆسەی سیاسی لەسەر بۆچوونی یەك پێكهاتە بنیادبنرێت، ئێمە بەشێكین لەو وڵاتە و لەو سیستەمە نوێیەی فەرمانڕەوایی لەعێراق.

لەبەشێكی تری لێدوانەكەیدا بەرواری باسی لەوە كردووە، كە پشتگوێخستنی هەر پێكهاتەیەك زیان بە عێراق دەگەیەنێت، لەحاڵەتی بڕیاردان بەوەی حكومەتی عەلاوی بە زۆرینەی سیاسی تێپەڕێنرێت ئەوە ئەوكات بڕیار و هەنگاوی خۆمان دەبێت، بەڵام ئەویش دوای راوێژ و هەڵسەنگاندنی لەلایەن سەركردایەتی كورد لە هەرێمی كوردستان.

ئەو باسی لەوەش كردووە، كە كورد و هێزە سیاسییەكانی تر گەلێك كارتی گوشاریان بەدەستەوەیە بۆ ئەوەی بیخەنە سەر هێزەكانی تر تا ڕێگری لە تێپەڕاندنی كابینە وەزارییەكەی عەلاوی بكرێت، لەبەر ئەوەی پێكهێنانی حكومەت بێ سازان لەگەڵ پێكهاتەكان كارێكی هەڵەیەو كێشە و قەیرانەكانی عێراق زیاتر دەكات.