بەریتانیا لە ساڵی 2021 مەرجەكانی كۆچبەری دەگۆڕێت

مەلەفی تایبەت

20/02/2020‌ 3281 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بەریتانیا، كە لە 31 ی یەنایەری 2020 ، لە یەكێتی ئەوروپا چووە دەرەوە، ئێستا لە ماوەیەكی ڕاگوزەری دایە، كە حكومەتەكەشی ڕۆژی 4 شەممە بڕیار لە گرتنەبەری ڕێوشوێنی تازە دەدات، سەبارەت بە سیستەمی كۆچبەری، كە ئێستا كاری پێدەكرێت.

بە گوێرەی سیستەمە تازەكە،‌ پێشەینەیی دەدرێتە كەسانی زیرەك و لێوەشاوەیی زانستی باڵا، ئەمەش بەگوێرەی مەزندەكانی پێگەی ئەلەكترۆنی "عەرەبی نێت" بۆ ئەو بەیاننامەیەی Priti Patel وەزیری ناوخۆی بەریتانیا دەریكردووە و میدیاكانی ئەو وڵاتەش بڵاویانكردووەتەوە و پوختەكەیان باس كردووە. 

لە بەیاننامەكەدا هاتووە، كە 70% ی هێزی كاری ئەوروپای ئێستا، ئەو مەرجانەیان تێدانین، كە سیستەمی تازەی كۆچبەری بەریتانیا دایناون.

لە یەكەم ڕۆژی ساڵی تازەی جێبەجێكردنی سیستەمە تازەكەوە واتە 2021، كە بەریتانیا ڕێوشوێنە تازەكان پیادە دەكات، ئەو كۆچبەرانە ڕووبەڕووی مەرجی قورس دەبنەوە، كە ئامانجی كەمكردنەوەی كۆچبەرانە، هەروەك لە بەیاننامەی ناوبرادا باسی لێوە كراوە.

بەگوێرەی ئەو گرافیكەی لە خوارەوەی بەیاننامەكەدا خراوەتەڕوو، ئەوانەی ئارەزووی كۆچكردن بۆ بەریتانیا دەكەن، دەبێت 70 خاڵ كۆبكەنەوە كە پەیوەستن بە ئەو مەرجانەی خراونەڕوو.

لە سەری ساڵی 2021 دا، بەریتانیا بە تەواوی لە كۆت و بەندی پێودانگەكانی یەكێتی ئەوروپا ڕزگاری دەبێت، چونكە لەو بەروارەوە،‌ ماوە ڕاگوزەرییەكە تەواو دەبێت، كە 11 مانگە، واتە لەو ڕۆژەوە بەریتانیا لە یەكێتی ئەوروپا چووەتە دەرەوە، ئیدی لەو بەروارەوە كۆچبەران ملكەچی یاسا تازەكەی كۆچبەری بەریتانیا دەبن.

زۆرترین خاڵەكان بۆ هەڵگری بڕوانامەی دكتۆرایە
یەكەم مەرج كە 10 خاڵی لەسەرە، ئەوەیە كۆچبەر شارەزایی لە زمانی ئینگلیزیدا هەبێت.
دووەم مەرج ئەوەیە گرێبەستی كاركردنی هەبێت، یان گرێبەستێكی كاركردنی پێشكەش كرابێت، ئەو مەرجەش 20 خاڵی لەسەرە.
 سێیەم مەرج ئەوەیە دەبێت موچەی ساڵانەی كەسەكە بە گوێڕەی گریبەستەكەی بگاتە 25.599 جونەیهی ئستڕلینی، واتە نزیكەی 33 هەزار دۆلار، ئەو مەرجەش 10 خاڵی لەسەرە. خۆ ئەگەر موچەی كۆچبەر لەو بڕە پارەی سەرەوە زیاتر بوو – تەنانەت ئەگەر یەك جونەی بێت – ئەوا 20 خاڵی لەسەر وەردەگرێت. 

هەڵگری بڕانامەی دكتۆرا 10 خاڵی لەسەرە، ئەگەر بڕوانامەكەشی لەبوارە‌كانی زانستی یان تەكنەلۆجی یان ئەندازەیی بێت، ئەوا 20 خاڵ وەردەگرێت.

داوكاری كۆچبەری دەبێت شارەزای زمانی ئینگلیزی بێت، ئەو كات ڕێگەی گەشتكردنی بۆ بەریتاینا پێ دەدرێت و دەتوانێت ناوی خۆی لە یەكێك لە زانكۆكان یان قوتابخانەكانی بەریتانیا تۆمار بكات، بەڵام دەبێت لارینەبوونی پێشتری ئەو زانكۆ یان قوتابخانەی هەبێت، بشتوانێت لە ڕووی داراییەوە خۆی بەرێوەبەرێت. ئەو مەرجە لە یاساكەی‌ پێشتریش هەبووە.

بە گوێڕەی ڕێوشوێنە تازەكان، ئەوە ڕوونكراوەتەوە، كە هەر‌ كەسێكی ئەوروپی، لە دوای 1 ی یەنایەری 2021 ، مافی ئەوەی نییە بیمەی كۆمەڵایەتی وەربگرێت. گەشتكردنیشی بۆ بەریتانیا بەستراوەتەوە بە بوونی فیزای ئەو وڵاتەوە‌ كە ماوەكەی لە 6 مانگ كەمتر نەبێت.

 ڕێوشوێنە تازەكە باسی لەوە نەكردووە، كە دەبێت كۆچبەر پێشتر تاوانی ئەنجام نەدابێت، هەر كۆچبەرێكیش مافی كۆچبەری پێ بدرێت، دەبێت ساڵانە 400 جونەیهی ئستڕلینی بداتە دەزگای چاودێری تەندروستی بەریتانیا.

سەرچاوە: عەرەبییە
وەرگێران: لوقمان حاجی قادر