توێژینەوەیەکی هەواڵگریی تورکیا: سیاسەتەکانی ئیسرائیل هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆن بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی تورکیا

جیهان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 200 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

لەتوێژینەوەیەکی نوێدا کە لەلایەن ئەکادیمیای نیشتمانیی هەواڵگریی تورکیاوە لەمانگی ئایاری 2026 بڵاوکراوەتەوە، تێڕوانینی ئەنكەرە بۆ جوڵەو پڕۆژە فراوانخوازییەکانی ئیسرائیل لەسوریاو لوبنان خراوەتەڕوو، ئەم توێژینەوەیە، کە پشت بەسەرچاوە کراوەکان دەبەستێت‌و بەبەڵگەنامەیەکی نهێنیی هەواڵگریی دانانرێت، جەخت لەسەر ئەوەدەکاتەوە، سیاسەتە فراوانخوازییەکانی ئیسرائیل هەڕەشەیەکی سەرەکییە بۆ ئاسایشی تورکیاو سەقامگیریی ناوچەکە.


توێژینەوەکە کە ناوی"جەنگی ئەمریکی/ئیسرائیلی-ئێرانی‌و تورکیا لەڕوانگەی سەربازیی‌و جیۆپۆلەتیکییەوە"یه‌، ئاماژە بەوە دەکات، فراوانخوازیی ئیسرائیل لەسوریاو لوبنان، بەتایبەتیی لەژێر ناوی "پشتێنەی ئاسایش"، دەکرێت ببێتە هۆکارێک بۆ بونێکی هەمیشەیی‌و کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر ئاسایشی تورکیا دەبێت، ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ زیادبونی خواستی ئیسرائیل بۆ دوبارە داڕشتنەوەی سیستەمی هەرێمایەتیی دوای کەمبونەوەی کاریگەریی ئێران.

به‌گوێره‌ى توێژینەوەکە، ئیسرائیل هەوڵدەدات ناوچەکە بەشێوەیەک دابڕێژێتەوە کە بەرژەوەندییەکانی خۆی تێدا مسۆگەربکات، ئەمەش ئەگەری ململانێی ستراتیژیی لەگەڵ تورکیا زیاد دەکات، تورکیا پێیوایە، سەقامگیریی سوریا پەیوەستە بەئاسایشی هەرێمایەتییەوەو هەر جوڵەیەکی ئیسرائیل کە ئەم سەقامگیرییە تێکبدات، بەهەڕەشە بۆسەر ئاسایشی نەتەوەیی خۆی دەزانێت.

توێژینەوەکە ئاماژە بەوەشدەکات، لێدوانەکانی پێشوی بەرپرسانی تورکیا، لەوانە وەزیری دەرەوە هاکان فیدان جەختیان لەسەر ئەوەکردوه‌تەوە، سیاسەتە فراوانخوازییەکانی ئیسرائیل سەرچاوەی سەرەکیی مەترسین.

فیدان لەکۆنفرانسی دیپلۆماسیی ئەنتالیا لەمانگی نیساندا ڕایگەیاندبوو، ئیسرائیل هەوڵی پاراستنی ئاسایشی خۆی نادات، بەڵکو هەوڵی فراوانکردنی خاک دەدات، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە تورکیا ئیسرائیل بەهێزێکی فراوانخواز دەبینێت کە هەڕەشە لەسەقامگیریی ناوچەکە دەکات.

توێژینەوەکە باس لەوەشدەکات، سیاسەتەکانی ئیسرائیل لەغەززەو کەناری ڕۆژئاواو قودسی ڕۆژهەڵات، لەگەڵ هەوڵەکانی بۆ دەستبەسەرداگرتنی خاک، کێشەیەکی هەرێمایەتیی گەورە دروستدەکات، ئەمەش وایکردوە، تورکیا پێیوابێت، ئیسرائیل هەوڵدەدات سیستەمی هەرێمایەتیی دوبارە دابڕێژێتەوەو کاریگەریی خۆی فراوان بکات.

سەبارەت بەسوریا، توێژینەوەکە دەڵێت، ئەنكەرە پێیوایە، ئیسرائیل هەوڵدەدات لەڕێگەی بەکارهێنانی ئاژاوەو ناسەقامگیرییەوە لەسوریا، کاریگەریی خۆی زیادبکات، ئەمەش دەتوانێت ببێتە هۆی دروستبونی ناوچەیەکی ئاسایشیی نوێ لەسوریاو لوبنان کە ئیسرائیل کۆنترۆڵی بکات‌و کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر ئاسایشی تورکیا هەبێت.

توێژینەوەکە جەخت لەسەر ئەوەدەکاتەوە، تورکیا نایەوێت ململانێی نێوان سوریاو ئیسرائیل ببێتە جەنگێکی ڕاستەوخۆ، بەڵام ئامادەیە بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی خۆی. هەروەها، توێژینەوەکە ئاماژە بەوەدەکات، تورکیا پێیوایە، ئیسرائیل ناتوانێت بەتەنها مامەڵە لەگەڵ حکومەتی سوریا بکات‌و پێویستە لەسەر بنەمای دراوسێیەتی باش‌و ڕێزگرتنی دولایەنە مامەڵە بکات.

لەکۆتاییدا، توێژینەوەکە هۆشداریدەدات لەوەی کە فراوانبونی ئیسرائیل لەسوریاو لوبنان، بەتایبەتیی لەناوچەکانی نزیک سنوری تورکیا، دەتوانێت ببێتە هۆی ناسەقامگیریی زیاتر لەناوچەکە‌و کاریگەریی نەرێنی لەسەر ئاسایشی تورکیا هەبێت، ئەنكەرە پێیوایە، ئەم پڕۆژە ئیسرائیلییە، کە بە"پشتێنەی ئاسایش" ناودەبرێت، هەڕەشەیەکی گەورەیەو پێویستە بەوریاییەوە مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت.