شارپرێس:
سوپای پاسدارانی ئێران بەفەرمی دهستپێكردنهوهى هێرشه موشهكىو درۆنیهكانى بۆسەر دوو ناوەندی گرنگی لۆجستیو سەربازیی ئەمریکا لەکوەیتو بەحرەین ڕاگهیاند، ئەمەش ئاستی ململانێکانی ناوچەکەی گەیاندوەتە لوتکە.
لەبەیاننامەیەکی فەرمیدا، سوپای پاسداران ئاشکرایکردوه، لهبهیانى ئهمڕۆوه تاوهكو ئێستا لەڕێگەی هێرشی موشەکیو درۆنییەوە، "کەناراوەی پشتیوانیی سوتەمەنی"ی کەشتیگەلی ئەمریکای لەبەندەری "ئەحمەدی" لەکوەیت هێرشیاندهكرێتهسهر.
دهشڵێت، "ناوەندی کۆبونەوەی فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکایان لەبنکەی ئاسمانیی (شێخ عیسا) لەبەحرەین کردوەتە ئامانج، تاران ئەم هێرشانە وەک "وەڵامێکی کردەیی" بۆ ئەو بۆردومانانە وەسفدەکات کە ئەمریکا لەچەند کاتژمێری ڕابردودا لەناوخۆی ئێران ئەنجامیدابون.
لەبەرامبەردا، ئەرکانی گشتیی سوپای کوەیت لەبەیاننامەیەکی بەپەلەدا پشتڕاستیکردەوە کە سیستەمەکانی بەرگریی ئاسمانیی وڵاتەکەیان کەوتونەتەکارو خەریکی بەرپەرچدانەوەی هەڕەشە موشەکیو درۆنییەکانن.
سوپای کوەیت ئاماژەی بەوەشکردوە، ئەو دەنگی تەقینەوە بەهێزانەی لەناوچە جیاوازەکانی ئەو وڵاتە دەبیسترێن، دەرەنجامی تێکشکاندنی "ئامانجە دوژمنکارییەکانە" لەئاسماندا لەلایەن سیستەمی بەرگرییەوە پێشئەوەی بگەنە شوێنی مەبەست.
بهگوێرهى ڕاپۆرتە مەیدانییەکان، لەئێستادا زەنگی ئاگادارکردنەوە لەسەرتاسهرى کوەیت لێدراوەو ترسو دڵەڕاوکێیەکی زۆر ناوچەکەی گرتوەتەوە، ئەم پەرەسەندنە نوێیە نیشانەی ئەوەیە کە مەیدانی جەنگەکە وڵاتانی کەنداوی بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ گرتوەتەوەو چیتر ململانێکان تەنها لەسنوری ئێراندا نەماونەتەوە.
تاوەکو بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە 18ی 7ی 2026، فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) هیچ لێدوانێکی فەرمیی لەسەر قەبارەی زیانە گیانیو مادییەکانی ئەم هێرشانە نەداوە، بەڵام سەرچاوە هەواڵگرییەکان باس لەفڕینی چڕی فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا دەکەن لەئاسمانی ناوچەکەدا.
شارەزایان هۆشداریدەدەن، هێرشکردنەسەر بەندەری ئەحمەدی لەکوهیت، کە یەکێکە لەدەروازە هەرە گرنگەکانی وزە لەجیهاندا، دەکرێت ببێتە هۆی وەڵامدانەوەیەکی توندترو وێرانکەرتر لەلایەن ئیدارەی دۆناڵد ترەمپەوە کە پێشتر هەڕەشەی وێرانکردنی بنکە ستراتیژییەکانی ئێرانی کردبوو.
