شارپرێس:
فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) ئاشكرایدهكات، نزیکەی 50 ههزار سەربازی ئەمریکی لەناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەوپەڕی ئامادەباشی سەربازیدان بۆ وەڵامدانەوەی هەر جۆرە هەڕەشەو هێرشێکی ئەگەریی.
چاودێران ئاماژه بهوهدهكهن، ڕاگەیهنراوهكهى سێنتکۆم لەکاتێکی زۆر هەستیاردایه، چونكه تهواوى ناوچەکە بەدەست شەپۆلێکی نوێى گرژیی سەربازییەوە دەناڵێنێت، بەتایبەت دوای ئەو زنجیرە هێرشە درۆنیو موشەکییانەی کە لەچەند کاتژمێری ڕابردودا کرانە سەر بنکەکانی ئەمریکا لەکوهیت، بەحرەینو قەتەرو هەروەها هەڕەشە بەردەوامەکانی تاران بۆ داخستنی گەروی هورمزو پەکخستنی جوڵەی وزە لەجیهاندا.
واشنتۆن دەیەوێت بەم هەنگاوە پەیامێکی ڕون بۆ تارانو گروپە چەکدارە هاوپەیمانەکانی بنێرێتو جهختبكاتهوه، "هێزەکانی ئەمریکا نەک تەنها لەحاڵەتی بەرگریدان، بەڵکو ئامادەیی تەواویان هەیە بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی هێرشبەرانە ئەگەر بەرژەوەندییەکانیان یان ئاسایشی هاوپەیمانەکانیان بکەوێتە مەترسییەوە".
بهگوێرهى زانیارییە سەربازییەکان، ئەو 50 ههزار سەربازە لەناوەندە ستراتیژییەکانی وەک بنکەی "ئەلعەدید" لەقەتەر، بنکەی پێنجەمی دەریایی لەبەحرەین، بنکەی "ئەحمەدی" لەکوهیتو چەندین بنکەی دیكهى گرنگ لەعێراقو هەرێمی کوردستان بڵاوەیان پێکراوەو تەواوی یەکە ئاسمانیو دەریاییەکانیش خراونەتە حاڵەتی "ئامادەباشی بۆ جەنگ" تاوەکو لەکاتی پێویستدا دەستبەجێ لەدژی هەر سەرچاوەیەکی هەڕەشە بجوڵێن.
چاودێرانی سەربازیی پێیانوایه، ئەم ئامادەباشییە بێوێنەیە نیشانەی ئەوەیە کە ئەمریکا ئەگەری پەرەسەندنی ململانێکان بۆ جەنگێکی گشتگیرو فراوانتر بەیەکجار جدی وەردەگرێتو دەیەوێت پێشوەختە هەموو ڕێوشوێنەکان بگرێتەبەر بۆ پاراستنی سەقامگیریی ناوچەکەو ڕێگریکردن لەهەر جۆرە "سوپرایزێکی سەربازیی" لەلایەن سوپای پاسداران یان بریکارەکانی ئێران لەناوچەکەدا.
