ئەمریکا پشتیوانی لەعەلی زه‌یدیى دەکات بۆ کەمکردنەوەی هەژمونی ئێران‌و چونە ناو هاوپەیمانییەکی نوێی ئابوریی لەگەڵ وڵاتانی عەرەبیدا

عیراق

4 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 3463 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ڕاپۆرتێکی ئەمریکی پێیوایە، سەردانەکەی عەلی زه‌یدیى سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ واشنتۆن، نیشاندەری گرەوی ئەمریکایە لەسەر تێکەڵکردنی عێراق لەناو تەوەرێکی نوێی هەرێمی عەرەبیدا، ئەم تەوەرە لەسەر بنەمای هاوبەشی ئابوریی‌و سەقامگیریی سیاسی بونیادنراوە، دور لەڕێبازی ئێران کە لەسەر "تەوەری بەرگریی"و ڕوبەڕوبونەوە لەگەڵ ئەمریکاو ئیسرائیل وەستاوە.


ڕاپۆرتێکی پەیمانگه‌ی "سەنتەری سۆفان"ی ئەمریکی ئاماژەی بەوەکردوە، دیدارەکانی زه‌یدیى لەواشنتۆن تەنها لەسەر هاوکاری ئابوریی‌و وەبەرهێنان نەبون، بەڵکو نامەی سیاسیی‌و ئەمنیی ڕونیشیان هەڵگرتبوو کە خۆی لەگوشاری ئەمریکادا دەبینییەوە بۆ جێبەجێکردنی بەڵێنەکانی بەغدا سەبارەت بەهێشتنەوەی چەک تەنها لەدەستی دەوڵەتداو کۆتاییهێنان بەبونی کوتلە چەکدارەکان، هاوکات لەگەڵ کۆتاییهاتنی ئەرکی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لەعێراق لە 30ی ئەیلولی داهاتودا.

ڕاپۆرتەکە ئه‌وه‌شى تێدا هاتوه‌، "تیشکخستنە پرسه‌ سه‌ره‌كیه‌كه‌ لەسەر لایەنی ئابوریی لەکاتی سەردانەکەدا، ڕەنگدانەوەی هاوڕاییەکی گەشەسەندوی نێوان بەغداو واشنتۆنە لەسەر دیدگایەک بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە لەسەر بنەمای تێکەڵبونی ئابوریی‌و کرانەوە بەڕوی ڕۆژئاوادا بونیادنراوە، لەبری تێوەگلان لەپڕۆژەکەی ئێران کە لەسەر بنەمای دوژمنکاری بۆ ویلایەتەیەکگرتوەکانی ئەمریکاو ئیسرائیل وەستاوە".

تەوەرێکی نوێی عەرەبی
به‌گوێره‌ى ڕاپۆرتەکە، تیمی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا سەردانەکەیان قۆستوەتەوە بۆ دەرخستنی لێکەوتەکانی داخستنی گەروی هورمز لەلایەن ئێرانەوە، ئاماژەی بەوەشکردوە، ئەم هەنگاوە زیانی تەنانەت بەهاوپەیمانەکانی تارانیش گەیاندوە، لەسەروو هەموشیانەوە عێراق کە داهاتە نەوتییەکانی بەڕێژەی نزیکەی 70٪ پاشەکشەیکردوە، سەرەڕای ئەوەی لەلایەن ئێرانەوە وەک "وڵاتێکی هاوپەیمان" وەسفدەکرێت.

ڕاپۆرتەکە پێیوایە، واشنتۆن گرەو لەسەر هێنانی عێراق دەکات بۆ ناو هاوپەیمانێتییەکی هەرێمی فراوانخواز کە ئەو وڵاتە عەرەبیانە لەخۆدەگرێت کە پشت بەگەشەپێدانی ئابوریی‌و سەقامگیریی سیاسیی دەبەستن، لەبری گرتنەبەری ستراتیژییەتی ئێران کە تیشکدەخاتەسەر ململانێ لەگەڵ ئەمریکاو ئیسرائیل.

ڕاپۆرتەکە ئاماژەی بەوەشکردوە، سیاسەتی ئەمریکا بەرامبەر بەعێراق بوەتە هاوشێوەی ڕێبازەکەی لەسوریا دوای ڕوخانی ڕژێمەکەی بەشار ئەسەدو هەروەها نزیکبونەوەی بەرامبەر بەلوبنان بەسەرکردایەتی جۆزێف عۆن کە چاوەڕواندەکرێت لەماوەیەکی نزیکدا سەردانی واشنتۆن بکات.

ڕونیشیکردوەتەوە، دیمەشق لەو میلیشیایانە ڕزگاری بوە کە لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتیدەکران‌و هەروەها لەڕاوێژکارە ئێرانییەکان، لەکاتێکدا حکومەتی لوبنان بەچاودێریی ئەمریکا خەریکی گفتوگۆیە لەگەڵ ئیسرائیل بۆ داڕشتنی نەخشەڕێگایەک بەمەبەستی داماڵینی چەکی حزبوڵڵاو تەواوکردنی کشانەوەی ئیسرائیل لەباشوری لوبنان.

ڕاپۆرتەکە پێیوایە، ئیدارەی ئەمریکا سەیری پێکهێنانی تەوەرێک لەوڵاتە عەرەبییە میانڕەوەکان دەکات وەک ئامرازێک بۆ گەمارۆدانی هەژمونی ئێران‌و بەهێزکردنی پێگەی واشنتۆن لەهەر ڕێککەوتنێکی داهاتودا لەگەڵ تاران.

چەکی گروپه‌كانى عێراق
ڕاپۆرتەکە پێشیوابوه‌، دەرهێنانی عێراق لەبازنەی هەژمونی ئێران پێویستی بەوەیە حکومەتەکەی زه‌یدیى بەڵێنەکانی جێبەجێبکات سەبارەت بەداماڵینی چەکی گروپه‌كان‌و سنوردارکردنی هەژمونیان، ڕونکردنەوەیداوە، "ئامانجی ئەمریکا تەنها کەمکردنەوەی هەژمونی ئێران نییە لەناوخۆی عێراقدا، بەڵکو درێژدەبێتەوە بۆ کۆتاییهێنان بەڕۆڵی کوتلە عێراقییەکان لەسیستەمی بەرگریی ئێراندا".

بەڵام ڕاپۆرتەکە گومانی هەندێک لەشارەزایانی گواستوەتەوە سەبارەت بەئەگەری بەدیهاتنی ئەمە، ئاماژەیان بەوەکردوە، گروپه‌كان هێشتا خاوەنی هێزێکی سەربازیی گەورەن‌و لەناو هەندێک لەناوەندە شیعەکاندا خاوەن بنکەیەکی کۆمەڵایەتین کە وەک هێزی پاراستن سەیریان دەکەن، ئەمەش لەژێر سێبەری لاوازی متمانە بەدامەزراوە ئەمنییە فەرمییەکان.

ئه‌وه‌ش هاتوه‌، "بەردەوامبونی ڕوبەڕوبونەوەی نێوان ئەمریکاو ئێران ڕەنگە ببێتە هۆی هێرشی نوێ کە لەلایەن ئەو گروپانه‌وه‌ ئەنجامبدرێن".

کارتی "ئۆپێک"
ڕاپۆرتە ئه‌مریكیه‌كه‌ باسى له‌وه‌شكردوه‌، زه‌یدیى لەکاتی سەردانەکەیدا تیشکیخستوەتەسەر بەهێزکردنی هاوبەشی ئابوریی لەگەڵ ئەمریکا، به‌تایبه‌ت بۆ ڕێککەوتنی گەورە لەبوارەکانی وزە، پەیوەندییەکان‌و ژێرخاندا.

هه‌ر له‌و ڕاپۆرته‌دا زیاتر هاتوه‌، "بەرپرسانی هەردوو وڵات تاووتوێی پڕۆژەی ستراتیژییان کردوە کە ئامانجیان کەمکردنەوەی پشتبەستنی عێراقە بەگەروی هورمز، بەجۆرێک کە هەناردەی نەوتی بپارێزێت لەهەر داخستنێکی داهاتوو، لەهەمانکاتدا سنورێک بۆ هەژمونی ستراتیژیی ئێران دابنێت".

لەنێوان ئەو پڕۆژە پێشنیازکراوانەدا، نۆژەنکردنەوەی هێڵی بۆری (کەرکوک ـ بانیاس) بەبەشداریی کۆمپانیا ئەمریکییەکانە کە لەنێوانیاندا کۆمپانیای شیڤرۆن هەیە، ئەمەش پڕۆژەیەکە کە ڕەنگە نزیکەی سێ ساڵی پێویست بێت بۆ دوبارە ده‌ستواڵاكردنى له‌بوارى وزه‌دا، ئه‌مه‌ش سەرەڕای بەردەوامبونی گفتوگۆکان له‌باره‌ى هێڵی بۆری (بەسرە ـ عەقەبە) لەڕێگەی ئوردنەوە.

ڕاپۆرتەکە لەکۆتاییدا ئاماژەی بەوەشکردوە، لەنێوان ئەو مەلەفانەی کە خراونەتەڕوو، ئەگەری چونەدەرەوەی عێراقە لەڕێکخراوی ئۆپێک، ئەمەش لەچوارچێوەی هەوڵەکانی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکادایە بۆ لاوازکردنی ڕێکخراوە نەوتییەکە، له‌ئه‌گه‌رى کشانەوەی عێراقیشدا، گورزێکی گەورە دەبێت بۆ "ئۆپێک"، دوای چونەدەرەوەی ئیمارات لەو ڕێکخراوە پێش چەند مانگێک‌و قەتەریش كه‌ پێشتر كشانه‌وه‌ى خۆى ئاشكراكرد، بەڵام هێشتا ڕون نییە ئایا بەغدا ئامادەیە وەڵامی ئەم پێشنیازە ئەمریکییە بداتەوە یان نا.