شارپرێس:
سوپای ئەمریکا ئەمڕۆ شەممە لهبارهى هێرشهكانى سهر ئێرانهوه پهیامێكى بهپهلهى بڵاوكردهوهو ڕایگهیاند، ئهوان تۆمەتەکانی ئێرانی سەبارەت بەبەئامانجگرتنی ژێرخانی مەدەنیی لەهێرشە ئاسمانییەکانی ئەمدواییەدا ڕەتدهكهنهوه، دهشڵێت، "هێرشەکان تەنها ئەو دامەزراوانەیان گرتوهتەوە کە سوپای پاسداران بۆ هەڕەشەکردن لەدەریاوانی ناوچەکە بەکاریاندەهێنن".
ئەمەش دوای ئەوەهات کە میدیاکانی ئێران ڕایانگەیاندبوو، هێرشەکان بونەتە هۆی پەکخستنی وێستگەکانی کارەبا، ئاو، پردو ڕێگهوبانەکان لەباشوری وڵاتەکە.
ئەم ناکۆکییە هاوکاتە لەگەڵ چونە ناو حهوتهمین ڕۆژى بەردەوامی هەڵمـەتی هێرشە ئاسمانییەکەی ئەمریکا، کە تێیدا واشنتۆنو تاران لەسەر سروشتی ئامانجەکان هاوڕانین، سوپای ئەمریکا ڕاپۆرتەکانی ئێرانی بەناڕاست داناو لەڕێگەی تۆڕی ABC ڕایگەیاند، ئێران خۆی بەهۆی هێرشکردنەسەر کەشتییە بازرگانییەکان لەگەروی هورمز مەترسی بۆ سەر مەدەنییەکان دروستدەکات.
هەروەها فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا (سێنتکۆم) ڕایگەیاند، هێرشەکانیان بنکەکانی چاودێری، کۆگاکانی چەکی ژێر زەوییو ژێرخانی لۆجیستیی سەربازییان گرتوهتەوە.
لەبەرامبەردا، ئاژانسەکانی مێهرو تەسنیمی ئێرانی ئاماژەیان بەوەکرد، موشەکەکانی ئەمریکا وێستگەکانی کارەباو پاڵاوتنی ئاو لەگوندی بونجی سەر بەشاری جاسک لەپارێزگای هورمزگان پێکاوەو بوەتە هۆی بڕانی ئاو لەچەندین گوند، هەروەها زیان بەدوو پردی سەر ڕێگهی بەندەر عەباسو ڕودان گەیشتوەو سێ کوژراوو ههشت برینداریشى لێکەوتوەتهوه.
