حەوت بانکی عێراق سزایان لەسەر هەڵدەگیرێت

عیراق

3 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 9473 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

سەرۆك وەزیرانی عێراق له‌واشنتۆنه‌وه‌ ئاشكرایكرد، بانكی ناوەندیی عێراق‌و وزارەتی گەنجینەی ئەمریكا، گەیشتنە ڕێككەوتن، ده‌شڵێت، "له‌و چوارچێوه‌یه‌دا حەوت بانكی عێراق سزایان لەسەر هەڵدەگیرێت‌و ڕێگه‌یان پێده‌درێت مامەڵە بەدۆلار بكه‌ن".


عه‌لى زه‌یدیى سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕایگه‌یاند، "ئەو بانكانە دوای تەواوكردنی پێداویستیەكانی پابەندبون سزایان لەسەر هەڵگیراوە، هەروەها ئەم هەنگاوە متمانە بەکەرتی بانکی عێراق بەهێز دەکات‌و ئاسۆی ئابوریی نیشتمانی فراوان دەکات".

زه‌یدیى ئه‌وه‌شى ڕونكرده‌وه‌، "ئەو لێکتێگەیشتنەی لەنێوان بانکی ناوەندیی عێراق‌و وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکادا بەدەستهاتوە، هەنگاوێکی گرنگە لەڕێڕەوی چاکسازیی کەرتی بانکیداو بەهێزکردنی تێکەڵبونی کەرتی بانکیی عێراق بەسیستەمی دارایی جیهانییەوە".

وتوشیه‌تى، "ئامادەکردنی حەوت بانکی عێراقی بۆ گەڕانەوەیان بۆ ناو بازاڕی نێودەوڵەتی وەک سەرەتایەک بۆ گەڕاندنەوەی شیاوێتیان بۆ مامەڵەکردن بەدۆلاری ئەمریکی دوای تەواوکردنی مەرجەکانی پابەندبونیان، سەرکەوتنی ئەو ڕێبازە چاکسازییە داراییە دەسەلمێنێت کە حکومەت پەیڕەوی دەکات".

ئاماژەی بەوەشکرد، "ئەم دەستکەوتە متمانە بەکەرتی بانکیی عێراق بەهێزتر دەکات‌و ئاسۆیەکی فراوانتر لەبەردەم ئابوریی نیشتمانی‌و وەبەرهێناندا دەکاتەوە".

زه‌یدیى جەختیکردەوە، حکومەته‌كه‌ى بەردەوامدەبێت لەپاڵپشتیکردنی چاکسازییە دارایی‌و بانکییەکان‌و چەسپاندنی بنەماکانی شەفافیەت‌و حوکمڕانیی، بەو شێوازەی کە خزمەت بەبەرژەوەندییەکانی عێراق بکات‌و پێگەی ئابوریی وڵات لەسەر ئاستی ناوچەیی‌و نێودەوڵەتیدا بەهێزتربکات".

ئه‌گه‌رچى تائێستا ناوى بانكه‌كان ئاشكرانه‌كراون، بەڵام ئەگەر سەیری ئەو بانکە ئەهلییانە بکەین کە پێشتر لەلایەن گەنجینەی ئەمریکاوە سزادرابون‌و لەمدواییانەدا لەژێر پرۆسەی پێداچونەوەو چاکسازیدابون بۆ گەڕانەوەیان بۆ بازاڕی نێودەوڵەتی، ناوی گرنگترین ئەو بانکانە بریتین لە:
1ـ بانکی ڕاوێژکاری ئیسلامی (مصرف المستشار الإسلامي)
2ـ بانکی قیرتاسی ئیسلامی (مصرف القرطاس الإسلامي).
3ـ بانکی تەیفی ئیسلامی (مصرف الطيف الإسلامي).
4ـ بانکی نێودەوڵەتی ئیسلامی (المصرف الدولي الإسلامي).
5ـ بانکی هەولێر بۆ وەبەرهێنان (مصرف أربيل للاستثمار).
6ـ بانکی ئیلافی ئیسلامی (مصرف إيلاف الإسلامي).
7ـ بانکی موسڵ بۆ گەشەپێدان (مصرف الموصل للتنمية والاستثمار)