ئەمریکا بۆ رووخاندنی رژێمی ئێران پەنا بۆ ئۆپۆزیسیۆن دەباتەوە

جیهان

3 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 462 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

سەرچاوە دیپلۆماسییەکانی ئەمریکا ئاشکرایان کردووە کە واشنتۆن بەنیازی تاقیکردنەوەی توانای سەربازیی و مەیدانیی پێکهاتەکانی ئۆپۆزسیۆنی ئێرانە لە ناوخۆی ئەو وڵاتەدا بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران و سوپاکەی.

ئەو سەرچاوانە ئاماژەیان بەوەکردووە کە ئەمەش لە ڕێگەی ئەرکگەلێکەوە دەبێت کە لە قۆناغی داهاتوودا هەماهەنگییان بۆ دەکرێت و سوپای پاسداران، دامەزراوە سەربازییەکان و ژێرخانەکان دەکەنە ئامانج. 

ئاماژە بەوەش کراوە کە لە ئەگەری جێبەجێکردنی ئەم پلانەدا، ئیسرائیل بەهۆی هەبوونی کەناڵەکانی پەیوەندیی لەگەڵ هەندێک لەو پێکهاتانەدا، هەماهەنگیی لە نێوان واشنتۆن و ئۆپۆزسیۆن دەكات، بەتایبەت بۆ لێدانی ئەو شوێنانەی سوپای پاسداران کە دەبنە هۆی تێکدانی گەشتە دەریاییەکان لە گەرووی هورمزدا.

لەلایەکی دیکەوە، لێدوانەکانی ئەم دواییەی دۆناڵد ترەمپ دەرگای بەڕووی سیناریۆیەکی توندتردا کردەوە کاتێک باسی لە ئەگەری ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی زەمینی لە ناوخۆی ئێراندا کرد لەلایەن "لایەنەکانی دیکەوە" بێ ئەوەی ناسنامەیان ئاشکرا بکات، لە کاتێکدا جەی دی ڤانسی جێگری جەختی کردەوە کە وڵاتەکەی هێز بۆ گۆڕینی ڕژێم نانێرێت. 

دیپلۆماتکارێکی ئەمریکی نزیک لە نووسینگەی ئاسایشی نەتەوەیی ڕایگەیاند کە پشتبەستن بە ئۆپۆزسیۆنی ناوخۆیی وەک کارتی فشار و قۆڵی مەیدانییە بۆ گەیاندنی زیان بە دەزگا ئەمنییەکان، و ئەم هەماهەنگییە هاوکاریی هەواڵگریی بۆ کۆکردنەوەی زانیاریی و بەهێزکردنی گرووپە چەکدارەکان چڕتر دەکاتەوە بۆ ئەنجامدانی هێرشی مەیدانیی هاوشانی لێدانە ئاسمانییەکان.

ئەم پێکهاتانە زیاتر گرووپە نەتەوەیی و ڕەگەزییەکانی وەک کورد لە باکووری ڕۆژاوا، عەرەبی ئەهوازی لە باشووری ڕۆژاوا، بەلووچ و ئازەرییەکان دەگرێتەوە کە مێژوویەکی درێژیان لە ململانێ لەگەڵ دەسەڵاتی ئێراندا هەیە. 

لەم چوارچێوەیەدا، سەرکردەیەکی بزووتنەوەیەکی ئەهوازی دووپاتی کردۆتەوە کە پەیوەندیی چەندین ساڵەیان لەگەڵ بەرپرسانی ئەمریکی هەیە و لە ئێستاشدا پەیوەندیی ئەمنیی ڕاستەوخۆ هەیە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ڕژێم، بەتایبەت کە سوپای پاسداران خاکی ئەهوازی بۆ هێرشکردنە سەر کەشتییە بازرگانییەکان بەکارهێناوە.