ترەمپ هەوڵی پەراوێزخستنی تورکیا دەدات

جیهان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 382 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ڕۆژنامەی "مەعاریف"ی ئیسرائیلی لە ڕاپۆرتێکدا ئاشکرای کردووە کە ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ لە هەوڵی جێبەجێکردنی پلانێکی ستراتیژیی گەورەدایە بۆ دروستکردنی ڕێڕەوێکی نوێی نەوتیی کە عێراق لە ڕێگەی بەندەری "بانیاس"ی سووریاوە بە کەناراوەکانی دەریای ناوەڕاستەوە دەبەستێتەوە.

 ئەم پڕۆژەیە کە بە لێدانێکی بەهێز و چاوەڕواننەکراو بۆ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان وەسف کراوە، ئامانجیەتی تورکیا بە تەواوی لە گەمەی وزەی ناوچەکەدا وەلا بنێت و کۆتایی بە پشتبەستنی عێراق بە گەرووی هورمز بهێنێت.

رۆژنامەکە دەڵێت: لە چوارچێوەی ئەم هەنگاوانەدا، ترەمپ لەم دواییانەدا پێشوازی لە عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کرد لە کۆشکی سپی، کە تێیدا ئامادەکاری بۆ ڕاگەیاندنی چەندین گرێبەستی نەوتیی گەورە لە چەند هەفتەی داهاتوودا کرا. هاوکات وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا پاڵپشتی فەرمی خۆی بۆ بۆریی نەوتی بەسرە-بانیاس دەربڕیوە.

ڕاپۆرتەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە تۆم باراک، نێردراوی تایبەتی ئەمریکا بە هەماهەنگی لەگەڵ کۆمپانیاکانی شیڤرۆنی ئەمریکی، تۆتاڵ ئێنێرجیی فەرەنسی، و گرووپی یوو سی سی قەتەری، کار بۆ ڕاکێشانی وەبەرهێنانی نێودەوڵەتی بۆ پڕۆژەکە دەکەن.

ئەوەش هاتووە: ئەم پڕۆژەیە گورزێکی توند لە پێگەی ستراتیژیی 20 ساڵەی تورکیا دەدات، چونکە ڕێڕەوی نوێی وزە بە تەواوی ئەنكەرە پشتگوێ دەخات و سەنتەرێکی ململانێی نوێ لەسەر دەریای ناوەڕاست درووست دەکات. 

میدیا ئیسرائییلییەکە دەڵێت: بڕیاری پەرەپێدانی ئەم هێڵە بەدیلە دوای ئەوە دێت کە کەرتی نەوتیی عێراق بەهۆی داخرانی گەرووی هورمز لە کۆتایی مانگی شوباتی ڕابردوو تووشی پەککەوتنێکی توند بوو؛ بە جۆرێک بەرهەمهێنانی نەوتی عێراق لە 4.1 ملیۆن بەرمیلەوە لە ڕۆژێکدا بۆ تەنیا 1.4 ملیۆن بەرمیل دابەزی و هەناردەی دەریاییش بۆ ئاستی %8 کەم بۆوە، ئەمەش بەغدای ناچار کردووە بە دوای ڕێگەی بەدیلی خێرادا بگەڕێت.

ئاکۆ عەبدوڵڵا ئاڵی