زەیدی هەڵمەتی روبەڕوبوونەوەی گەندەڵكارە دەستڕۆیشتووەکان دەستپێدەكات

عیراق

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 293 جار خوێندراوه‌ته‌وه


شارپرێس:

سەرچاوە حکومییە ئاگادارەکان ئاشکرایان کردووە کە عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، بەنیازی چڕکردنەوە و بەهێزکردنی هەڵمەتی دژە گەندەڵی "هەڵمەتی بەرەبەیان"ە، بەشێوەیەک بڕیارە ڕاستەوخۆ دوای گەڕانەوەی لە سەردانە فەرمییەکەی بۆ ئەمریکا لە هەفتەی داهاتوودا، مەودای لێکۆڵینەوەکان فراوانتر بکرێت بۆ گرتنەوەی کەسایەتییە سیاسییە دەستڕۆیشتوو و خاوەن هەژموونەکان.

بەپێی زانیارییەکان، زەیدی پاڵپشتییەکی بەهێزی لەلایەن دامەزراوەی دادوەریی، لایەنە سیاسییە کاریگەرەکان و سەرکردە کۆمەڵایەتییەکانەوە هەیە، ئەمەش دەرفەتی سەرکەوتنی ڕێکارەکان بەبێ ڕێگریی گەورە زیاتر دەکات.

هەر بە وتەی سەرچاوەکان،  سەرۆک وەزیران سەرجەم ئەو گوشارانەی ڕەتکردۆتەوە کە بۆ پاراستنی "سەرکردە گەورەکان" لێی کراون و پێداگرە لەسەر لێپرسینەوە لە هەمووان بەبێ جیاوازی، بە ئامانجی چەسپاندنی سەروەریی یاسا و گەڕاندنەوەی پارەی دزراوی گشتیی.

لێدانە سەرەتاییەکانی ئەم هەڵمەتە، تۆڕە ئاڵۆزەکانی گەندەڵیی لە دەروازە سنوورییەکان، گومرگ، کەرتی وزە و باجیان کردە ئامانج، کە بووە هۆی بلۆککردن و گەڕاندنەوەی سەدان ملیۆن دۆلار بۆ گەنجینەی دەوڵەت لە ماوەیەکی کەمدا.
سەرچاوەکان ئاماژە بەوەدەکەن کە قۆناغی داهاتووش بە گرتنی گەورە تۆمەتباران، ڕەوتی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵیی دەباتە قۆناغێکی یەکلاکەرەوەتر.
ئاکۆ عەبدوڵڵا ئاڵی