شارپرێس:
واشنتۆن هێرشەکانی بۆسەر ئێران توندتر دەکاتو
لهو ڕوهشهوه بهپهله 10 فڕۆکەی سوتەمەنیی ڕهوانهى ئیسرائیل دهكات، تارانیش
هەڕەشەی هێرشی وشکانی دەکاتو کوهیتیش زیانەکانی ڕادهگهیهنێت.
فەرماندەیی ناوەندی سوپای ئەمریکا ڕایگەیاند،
لەدوایین هێرشەکانیدا بۆسەر ئێران، کۆگاو ڕێگهکانی دابینکردنی پێداویستی سەربازیی
(ژێرخانی لۆجستی) کردوەتە ئامانج، ئەمەش یەکەمجارە لەماوەی هەفتەیەکدا ئەمریکا هێرشبکاتەسەر
ئەمجۆرە شوێنە ستراتیژییانە.
هەڵمەتی بۆردومانەکانی ئەمریکا شهوى ڕابردوو
بۆ حهوتهم شەوی بەردەوام لەسەر ئێران بەڕێوەچوو کە تێیدا پردەکانو فڕۆکەخانەیەکیان
پێکا، هاوکات هێزەکانی مارێنزی ئەمریکی چونە سەر پشتی کەشتییەکی گواستنەوەی نەوت لەگەروی
هورمز، ئەم پێکدادانە نوێیانەش جارێکی دیكه بوە هۆی پەکخستنی هەناردەکردنی وزە لەناوچەکەدا،
بههۆى توندبونهوهى هێرشهكانیش، ئهمریكا بڕیاریداوه بهپهله لەماوەی كهمتر
له24 کاتژمێردا 10 فڕۆکەی تایبەت بەدابینکردنی سوتەمەنیی ڕەوانەی ئیسرائیل بکات،
لهئێستادا ئهمریكا تهنها 33 فڕۆكهى سوتهمهنى لهفڕۆكهخانهى بنگۆریۆن لهئیسرائیل
ههیه.
لەوەڵامی ئەم هێرشانەدا، موحسین ڕەزایی ڕاوێژکاری
سەربازیی ڕێبەری باڵاى ئێران وتویهتى، "ئەگەر ئەمریکا لەهێرشەکانی بەردەوام
بێت، سوپا ناچاردەبێت ستراتیژیەتی خۆی بگۆڕێتو هێزی وشکانی دژی ئەمریکا بەکاربهێنێت
بۆ وەشاندنی لێدانی کۆتایی، هۆکاری ئەوەی تائێستا هێرشی وشکانیشمان نەکردوەتەسەر دەرەوەی
سنورەکانمان، تەنها بۆ ڕێگریکردن بوە لەتێکچونی زیاتری باری ئەمنی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی".
لهو چوارچێوهیهشدا سوپای کوهیت ڕایگەیاندوه،
بەهۆی هێرشی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ئێرانەوە بۆسەر چەند دامەزراوەیەکی مەدەنی گرنگی
وڵاتەکەی، ئاگرکەوتنەوەو زیان لەوێستگەیەکی بەرهەمهێنانی کارەباو دڵۆپاندنی ئاو کەوتوەتەوە،
بههۆیهوه چەند سەربازێکی هێزی وشکانی لەو هێرشانەدا برینداربون، بەڵام ئێستا
باری تەندروستییان جێگیرە.
