كۆڕی كوردانی فەڕەنسا هێرشەكەی سەر بارەگاكانی كۆمەڵە شەرمەزار دەكەن

کوردستان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 146 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
كۆڕی كوردانی دانیشتووی فەڕەنسا لە راگەیەندراوێكدا هێرشی ئێران بۆ سەر بارەگاكانی كۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتكێشانی كوردستان شەرمەزار دەكەن.

كۆڕبەندی كوردانی دانیشتووی فەڕەنسا دەڵێن "هێرشی ڕژێمی داگیركەریی ئێران بۆ سەر بنكە و ناوەندەكانی ئەو هێزانە لە باشوور، پێشێلكردنی سەربەخۆیی هەرێمی كوردستان و سنوورە یاساییەكانی دەوڵەتی عێراقە و هێزەكانی ڕۆژهەڵات لە پێناو پاراستنی هێمنی و ئارامیی هەرێمی كوردستاندا، لە هەر چەشنە گرژی و وەڵامدانەوەیەك خۆیان پاراستووە".

دەقی راگەیەندراوەكە:
             هێرشی مووشەكی ڕژێمی ئێران بۆ سەر بارەگاكانی كۆمەڵەی شۆڕشگێڕ شەرمەزار دەكەین

بە گوێرەی دوایین هەواڵەكان، لە ئاكامی هێرشی دڕندانەی ڕژیمی داگیركەریی ئێران بۆ سەر ناوەندی كۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتكێشانی كوردستانی ئێران لە زڕگوێزەڵە، ٩ خەباتكاری ڕێگای ئازادیی گەل و نیشتمان گیانیان بەخت كرد. هێرشی ڕژێمی داگیركەریی ئێران بۆ سەر بنكە و ناوەندەكانی ئەو هێزانە لە باشوور، پێشێلكردنی سەربەخۆیی هەرێمی كوردستان و سنوورە یاساییەكانی دەوڵەتی عێراقە و هێزەكانی ڕۆژهەڵات لە پێناو پاراستنی هێمنی و ئارامیی هەرێمی كوردستاندا، لە هەر چەشنە گرژی و وەڵامدانەوەیەك خۆیان پاراستووە.
هەرچەند بەداخەوە حكوومەتی هەرێمی كوردستان گیرۆدەی هێرشەكانی درۆن، بۆردومان و پیلانە جۆربەجۆرەكانی ڕژێمی ئێرانە، بەتایبەت لە شاری هەولێر, پایتەختی هەرێمی كوردستان، بەڵام هەڵوێستێكی شیاو بۆ دەربڕینی دەنگی ناڕەزایەتی لە ئاست دەستدرێژی بۆ سەر بنكە و ناوەندەكانی هێزەكانی ڕۆژهەڵات و خەڵكی سیڤیل چاوەڕوان دەكرا، كە تا ئێستا نیشان نەدراوە.
بە هەستی هاوسۆزی لەگەڵ كۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتكێشانی كوردستانی ئێران و بنەماڵەی گیانبەختكردووان، ئەو تاوانە دژەمرۆڤانەی ڕژێمی ئیسلامیی ئێران لەقاو دەدەین. لێرەدا سەرنجی بیروڕای گشتی و زلهێزەكان بۆ ئەو كارەساتە ڕادەكێشین و داواكاری هەڵوێستی گونجاو بۆ شەرمەزاركردن و بەربەستكردنی هێرشەكانی ئەو ڕژیمەین. هاوكات، هەڵوێستی جەماوەری و یەكگرتووانەی دیاسپۆرای كورد بۆ پشتیوانیی هاونیشتمانانی ڕۆژهەڵات و شەرمەزاركردنی ڕژێمی ئیسلامی ئێران، گرنگیی تایبەتی هەیە؛ پێویستە بە ڕێكخستنی خۆپێشاندان و پەیوەندی لەگەڵ ناوەندە نێونەتەوەیی و مافەكانی مرۆڤدا، سەرنج و هەڵوێستی بیروڕای گشتی بۆ سەر ئەو بارودۆخە نامرۆڤانەیە ڕابكێشن.

كۆڕی كوردانی دانیشتووی فەڕانسە
۲۰۲۶/۰۷/۱۷

بەپەلە