كورد و شیعە و سوننە لەبارەی گۆڕینی عەلاوییەوە تێروانیانیان لەیەكەوە نزیكە

کوردستان

25/02/2020‌ 1463 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
یەحیا محەمەدی پەرلەمانتاری هاوپەیمانی هێزە عێراقییەكان، كە محەمەد حەلبووسی سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەران سەرۆكایەتی دەكات جەختیكردووەتەوە، هاوپەیمانییەكەیان هیچ گرفتێكی نییە ئەگەر عادل عەبدولمەهدی لەپۆستەكەیدا بمێنێتەوە، هەروەك ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە كورد و شیعە و سوننە تیڕوانینەكانیان لەبارەی گۆڕینی محەمەد تۆفیق عەلاوییەوە لەیەكەوە نزیكە. 

محەمەدی لەلێدوانێكی تەلەفزیۆنیدا رایگەیاندووە، بەفەرمی داواكارییەكایان خستووەتە بەردەم كوتلە شیعییەكان بۆ ئەوەی جێگرەوەی محەمەد تۆفیق عەلاوی دەستنیشان بكەن، لەبەر ئەوەی ئاشكرانەكردنی ناوی وەزیرەكانی كابینەكەی بەڵگەی ئەوەیە، كە ئەو كەسێكی سەربەخۆ نییە .

لەبەشێكی تری لێدوانەكەیدا پەرلەمانتارەكەی هاوپەیمانییەكەی حەلبووسی رایگەیاندووە، خەڵك مافی خۆیەتی ئەو كەسە دەستنیشان بكات، كە بە گونجاوی دەزانێت سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی وەزیران بكات، بەڵام عەلاوی ئەو كەسە رزگاركەرە نییە.

بە قسەی محەمەداوی ئەوان سەد لەسەد دڵنیان لەوەی، كورد و شیعە و سوننە بۆ گۆڕینی عەلاوی تێڕوانینیان زۆر لەیەكەوە نزیكە . 

ئەو پێیوایە، كە عەلاوی دان بە پێكهاتەكانی عێراقدا نانێت و ئامادەش نییە لەگەڵیان دابنیشێت .