قاسم سلێمانی دەستی تێدا هەبووە.. نهێنی ئەو نامەیەی برینی سورییەكانی قووڵكردەوەو نەیهێشت ئەسەد دەسەڵات جێبێڵێت

جیهان

26/02/2020‌ 1791 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: 
بەگوێرەی رۆژنامەی "ئۆرشەلیم پۆست"ی ئیسرائیلی، حەسەن فلارك راوێژكار و یاریدەدەری تایبەتی قاسم سلێمانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی سەر بەسوپای پاسدارانی ئێران ئاشكرایكردووە، بەشار ئەسەدی سەرۆكی سوریا بیری لەدەستلەكاركێشانەوە و داواكردنی مافی پەنابەری لەوڵاتێكی تر كردووە، بەڵام نامەیەكی قاسم سلێمانی نەیهێشت ئەو بابەتە سەر بگرێت و ڕێگری لێكرد.

فلارك لەلێدوانەكەیدا ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە، كە بەشار ئەسەد بەرنامەی ئەوەی هەبووە داوای مافی پەنابەری لە روسیا بكات، بەڵام قاسم سلێمانی توانیویەتی بڕوا بە بەشار ئەسەد بهێنێت بەوەی لەرایەكەی پاشگەر ببێتەوە لە شەڕكردن لەنەیارەكایدا بەردەوام بێت، بەجۆرێك سلێمانی جەختیكردووەتەوە، كە بژاردەی ئێران لە سوریا تەنیا و تەنیا هەر سەركەوتنە.

هەرچەندە فلارك بەوردی كاتی ئەو رووداوەی ئاشكرانەكردووە بەراورد بە قەیرانی سوریا كە ٩ ساڵە بەردەوامە، بەڵام پێدەچێت ئەوكاتە بووبێت، كە رژێمی سوریا لەسەرەتای قەیرانەكەدا  ٨٠%ی خاكەكەی لەسەر دەستی هێزە بەرهەڵستكارەكان لەدەستدابوو تا ئەوكاتەی ئێران لەسەرەتای ساڵی ٢٠١٢ لەڕێگای سوپای پاسدارانەوە بەشێوەیەكی چروپڕ دەستوەردانی سەربازی لەسوریا كرد، كە بە مەزەندەی ڕێكخراوێكی ئۆپۆزیسیۆن ژمارەی هێزەكانی ئێران لە سوریا ٧٠ هەزار كەس بووە ، كە لەو ژمارەیە ٢٠ هەزاریان هێزی میلیشیا چەكدارییە عێراقییەكان و ٧ هەزار چەكداری پاكستانی و ١٠ هەزار چەكداری سەر بە هێزەكانی حزیبوڵڵای لوبنانی بوون.

لەساڵانی دواتری شەڕی سوریادا بەتایبەت لەگەڵ هەڵكشانی ئاستی گرژییەكان لە دەوروبەری حەلەب، چەند گرووپێلی جەكداری نوێ دەركەوتن، كە سوپای پاسداران لە پەنابەرە ئەڤغانییەكانی ناو ئێران دروستی كردن و دواتر لەژێر ناوی میلیشیای فاتمییەكان لە سوریا دەستیان بەشەڕكردن كرد.

هەرچەندە فلارك باس لەوە دەكات لە قاسم سلێمانی ئەسەدی پاشگەزكردەوە لەوەی داوای مافی پەنابەری لە روسیا بكات، بەڵام هیچ باسی رۆڵی قاسم سلێمانی لە رووداوەكانی سوریادا نەكردووە، بەپێی راپۆرتێكی رۆژنامەی واشنتۆن پۆستی ئەمەریكی، كە لەسەرەتای ئەمساڵدا بڵاویكردووەتەوە باسی لە رۆڵی كرداری قاسم سلێمانی لە سوریا كردووە، بەپێی ئەو وێنانەی گیراون لەگەرمەی گەمارۆدانی شاری حەلەبدا خۆی سەرپەرشتی شەرەكانی كردووە، كە ئەوە دەرخەری ئەوەیە، تاران تاچەند بەلایەوە گرنگ بووە هەژموونی خۆی لە وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا فراوان بكات.

تەنانەت فەیلەقی قودس بەسەرۆكایەتی قاسم سلێمانی لەسەر زەوییەوە یارمەتی فرۆكە رووسییەكانیانداوە، كە بۆردومانی گەڕەكەكانی رۆژهەڵاتی حەلەبیان دەكردو ژمارەیەكی زۆر لەخەڵكی مەدەنی دەبوونە قوربانی.

هەرچی زەید رەعد حوسێنی كۆمیسیۆنی باڵای مافەكانی مرۆڤی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان باسی لەو تاوانانە كردووە، كە هێزەكانی روسیا و ئێران و سوریا لە شاری حەلەب دەرحەق بە خەڵكی مەدەنی كردوویانە بەجۆرێك بە كوشتارگەی وەسف كردووە، كە منداڵان  و ژنانی دووگیان كەوتوونەتە ژێر داروپەردووی ئەو خانووانەی بەهۆی بۆردومانە هەڕەمەكییەكانەوە دارووخاون . 

هەروەك دوای كوژرانی قاسم سلێمانی عەلی ئەیوب وەزیری بەرگری سوریا دانی بەرۆڵی قاسم سلێمانیدا نا لە شەر و كوشتارەكانی باب عەمر لە حومس.

وەرگێران: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی