ڤایرۆسی كۆرۆنا كاریگەری لەسەر ئابووری عێراق نابێت

ئابوری

27/02/2020‌ 598 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
دكتۆر سەفوان قوسەی شارەزای ئابووری دەڵێت: دەركەوتنی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە عێراق لەسەر ئاستی كورت مەودا كاریگەری لەسەر ئابووری عێراق نابێت بەتایبەتی، كە لە نیوەی یەكەمی ئەمساڵدا نرخەكانی نەوت جارێكی تر بەرزدەبنەوە.

قوسەی لەلێدوانێكدا دەشڵێت: دەركەوتنی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە عێراق و بڵاوبوونەوەی لەسەرانسەری جیهاندا بەشێوەیەكی گشتی كاریگەری لەسەر ئابووری جیهانی دەبێت، بەڵام عێراق لەسەر ئاستی كورت مەودا و لە نیوەی یەكەمی ئەمساڵدا ئابوورییەكەی بەو جۆرە كاریگەری ڤایرۆسەكەی لەسەر نابێت.

هەروەها وتیشی: ئەو كاڵا و شمەكانەی لای بازرگانانی عێراق هەیە بەشی نیوەی یەكەمی ئەمساڵ دەكات، جگە لەوەی بەهۆی باشبوونی نرخەكانی نەوتەوە بازاڕیش دەگەڕێتەوە بۆ دۆخی جارانی، كە لە چارەگی یەكەمی ئەمساڵ نرخەكان دابەزینیان بەخۆوە بینی و لەئێستادا لەنێوان ٥٢ -٥٥ دۆلاردایە.

هەروەك جەختیكردووەتەوە لەنیوەی دووەمی ئەمساڵ چین بەشێوەیەكی سروشتی دەستدەكاتەوە بە هاوردەكردنی نەوت، دوای ئەوەی ئابوورییەكەی تووشی ئیفلیجی بوو بەتایبەت ئەو ناوچانەی ڤایرۆسی كۆرۆنای تێدا بڵاوبووەوە.

ئەو شارەزا ئابووورییە ئاماژەی بە گرنگی كاراكردنی بازرگانی ئەلیكترۆنی و كۆنترۆڵكردنی دەروازە سنوورییەكان كردووەتەوە، لەگەڵ داخستنی هەندێكیان بۆ رێگریكردن لەبڵاوبوونەوەی نەخۆشی كۆرۆنا، بەشێوەیەك ئەوە دەستەبەری هاوردەكردی كاڵا و شمەكەكان بكات و رێگری لە درووستبوونی قەیران بكات.

وەرگێران: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی