ئەمریكا دان بەوەدا دەنێت سیستەمی بەرگری ئاسمانی ئەمەریكی گرفتی هەیە

جیهان

29/02/2020‌ 672 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: 
جەنەراڵ تۆد وۆڵتز یەكێك لە فەرماندە سەربازییەكانی ئەمەریكا و  فەرماندەی هێزەكانی هاوپەیمانی باكووری ئەتڵەسی (ناتۆ) لەئەوروپا رایگەیاندووە، سیستەمی بەرگری ئاسمانی ئەمەریكا پێویستی بە پێشخستن هەیە.

رۆژنامەی "فزگلاد"ی روسی بڵاویكردەوە، سیناتۆری ئەمەریكی ئینگلۆس كینگ لەبارەی هێرشی فڕۆكە بیفرۆكەوانەكانی ئێران بۆ سەر دامەزراوە نەوتییەكانی سعودییە لە سێپتەمبەری ٢٠١٩ و هێرشی موشەكی ئێران بۆ سەر بنكە سەربازییەكانی ئەمەریكا لە عێراق لە كانوونی دووەمی ٢٠٢٠ ، پرسیاری ئەوەی لە جەنەراڵ وۆڵتز كردووە، كە ئایا ئەمەریكا لە ئایندەدا توانای خۆپاراستنی لە هێرشی هاوشێوە هەیە، لەبەر ئەوەی چی لە عێراق و چی لە سعودییە نەتوانرا پارێزگاری لەو دامەزراوانە بكرێت.

لە وەڵامدا وۆڵتز باسی لەوە كردووە، كە سیستەمی بەرگری ئاسمانی ئەمەریكی سیستەمێكی باشە، بەڵام دەبێت باشتر بكرێت.

لەبارەی ئەوەی كە ئایا ئەوە گرفتێكی گەورەیە رووبەڕووی سیستەمی بەرگری ئاسمانی دەبێتەوە لەوەڵامدا وۆڵتز وتوویەتی: ئەوە كەموكوڕییە و دەبێت كاری لەسەر بكەین.

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی