پارتی دەنگدان بەكابینەكەی عەلاوی بەدوو مەرجەوە دەبەستێتەوە

کوردستان

29/02/2020‌ 3914 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ئەحمەد سەففار پەرلەمانتاری پارتی دیموكراتی كوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێت: رازیبوونیان بەحكومەتەكەی محەمەد تۆفیق عەلاوی پەیوەستە بە دوو مەرجەوە.

سەففار لەلێدوانێكدا دەشڵێت: مەرجەكانمان بۆ عەلاوی بریتین لەگەرەنتیكردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم و پێدانی پشكی هەرێم لە بودجەی گشتی فیدراڵی.

ئەو پەرلەمانتارەی پارتی ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە، كە بەركەوتەی ئەوان لەناو حكومەتەكەی عەلاوی بریتییە لە موچەی فەرمانبەرانی هەرێم و پشكی هەرێم لە بودجەی فیدراڵی.

سەففار ئاماژەی بۆ ئەوەش كردووە، كە لەناو موچەی فەرمانبەرانی هەرێمدا دەبێت موچەی پێشمەرگەش گەرەنتی بكرێت، جەختیشیكردووەتەوە ئەگەر عەلاوی ئەو مەرجانەی هەرێم قبووڵ نەكات ئەوە كورد بەشێك نابێت لەحكومەتی داهاتوو.

بەقسەی بەشێك لەچاودێران عەلاوی دەیەوێت سنوورێك بۆ ئەو نەریتە سیاسییەی تائیستا لەعێراق كاری پێكراوە دابنێت، بەوەی هێزە سیاسییەكان دەستوەردان لە دانانی وەزیرەكاندا نەكەن ، بەڵام پارتە كوردی و سوننییەكان دەیانەوێت هاوشێوەی پێشوو خۆیان ئەو وەزیرانە دابنێن كە بە پشكی خۆیانی دەزانن . 

شیكەرەوە سیاسییەكان دەڵێن: بەڕێككەوتنی عەلاوی لەگەڵ كورد گرێی پێكهێنانی حكومەت دەكرێتەوە و سینارۆیۆی ئەو لایەنە ناوخۆییانە سەرناگرێت، كە بەپشتیوانی هێزە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەكان هەوڵ دەدەن شكست بە عەلاوی بهێنێت بۆ ئەوەی نەتوانێت حكومەت پێكبهێنێت . 

بەپێی مەزەندەكان ئەگەر كورد و عەلاوی رێكبكەون ئەوە لایەنە كوردییەكان جگە لەو سێ وەزارەتەی بۆیان دانراوە وەزارەتێكی دەوڵەت بۆ كاروباری هەرێم وەردەگرن، كە لەناو ئەمینداری ئەنجوومەنی وەزیرانەوە نوێنەرایەتی دەكات .