سندووقی نەختی نێودەوڵەتی: ئابووری چین خەریکە دەگەڕێتەوە دۆخی ئاسایی

جیهان

21/03/2020‌ 627 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: ئاکۆ عەبدوڵڵا ئاڵی 
بەرپرسێکی سندووقی نەختی نێودەوڵەتی لەبارەی کاریگەرییەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا لەسەر ئابووری چین رایگەیاند، ئابووری چین خەریکە هەندێك ئاماژەی لێبەدەر دەکەوێت بەوەی بگەڕێتەوە بۆ دۆخی ئاسایی خۆی، ئەوەش دوای ئەوە دێت کەبەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا ئابووری ئەو وڵاتە تووشی ئیفلیجی هات. 

ئەو بەرپرسەی سندووقی نەختی نێودەوڵەتی باسی له‌وه‌كردووه‌، زۆرینەی کۆمپانیا چینییە زەبەلاحەکان دەستیان بە کارکردن کردۆتەوە و بەشیکی زۆری فەرمانبەران گەڕاونەتەوە بۆسەر کارەکانیان.

ئه‌و به‌رپرسه‌ ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە، لەگەڵ دەستپێکردنەوەی گەشتە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکاندا ژمارەی تووشبووان بە ڤایرۆسەکە بەرزدەبێتەوە بۆیە مەترسی لەسەر ئابووری ئەو وڵاتە هەر ماوە. 

بەرپرسەکەی سنودوقی نەختی نیودەوڵەتی وتویەتی، حاڵەتەکانی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە وڵاتانی تر و شڵەژانی بازارە داراییەکان دەبێتە هۆی ئەوەی بەکارهێنەران و کۆمپانیاکان بەرانبەر بە کاڵا چینییەکان بە وریاییەوە مامەڵە بکەن. 

ئەو قەیرانە مرۆییە گەورەیەی بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە وڵاتی چین و دواتر لە وڵاتانی تری جیهان سەریهەڵدا راددەی ئەو گرنگییەی دەرخست کە چین بۆ ئابووری جیهان هەیەتی کە چۆن لەکاتی زیان کەوتن بە ئابووری چین بازارە جیهانییەکان و ئابوورییە گەورەکانیش پێی کاریگەر دەبن. 

بەپێی داتاکانی بانکی نێودەوڵەتی داهاتی نەتەوەیی چین  لەساڵی 2018 دا نزیکەی  13.6 ڕیلیۆن دۆلار بووە کە دەکاتە %15.8ی هەموو ئابووری جیهان ، هەروەک پشکی چین لە هەناردەی کاڵا و شمەکی چین لەو ساڵەدا گەیشتۆتە 2.4 تڕیلیۆن دۆلار واتا  %12.2ی تێکرای هەناردەی شمەکی جیهان.