سەرۆككۆمار لەگەڵ وەزیری تەندروستی و نوێنەری یوئێن و نوێنەری تەندروستی جیهانی كۆبوەوە

عیراق

23/03/2020‌ 432 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: 

سەرۆككۆماری عێراق پێشوازی لەوەزیری تەندروستی و سەرۆك تۆڕی قەیران و نوێنەری تایبەتی سكرتێری گشتی نەتەوەیەكگرتووەكان و نوێنەری رێکخراوی تەندروستی جیهانی لە عێراق دەكات و دۆخی رووبەروبونەوەی كۆرۆنایان تاوتوێكرد.

بەگوێرەی راگەیەندراوێكی سەرۆكایەتی كۆمار،" د. بەرهەم ساڵح ئەمڕۆ دوو شەممە ٢٠٢٠/٣/٢٣ لە كۆشكی سەلام لە بەغدا پێشوازیكرد لە د. جەعفەر سادق عەلاوی وەزیری تەندروستی و ژینگە و سەرۆك تۆڕی قەیران و جەنین هەینس بلاسخارت نوێنەری تایبەتی سكرتێری گشتی نەتەوەیەكگرتووەكان و د. ئەدهەم ئیسماعیل نوێنەری رێکخراوی تەندروستی جیهانی لە عێراق.

ئاماژە بەوەشدراوە، "لەو دیدارەدا سەرۆك كۆمار جەختیكردەوە لە گرنگی یەكخستنی هەوڵەكانی هەموولایەك لە بەگژاچونەوەی پەتای كۆرۆنا و دروستكردنی هەماهەنگی و هاوكاری زیاتری نێوان دامەزراوە جیاجیاكانی دەوڵەت و هاووڵاتیان لە پێناو تێپەڕاندنی ئەم بەڵایە و بۆ بەردەوامیدان بە هاوكاریكردنی نێوان وڵاتانی جیهان لە رووبەرووبونەوەی ئەم ڤایرۆسە".

لەبەشێكی دیكەی راگەیەندراوەكە هاتووە، "ھاوکات سەرۆك كۆمار ئاشكرای كرد ئەم پەتایە ئاڵەنگارییەكی ترسناكی بۆ تەواوی جیهان دروست کردووە پێویستی بە هەوڵ و هەماهەنگی زیاتری تەواوی دەوڵەت و دامەزراوە نێودەوڵەتی و گەلان هەیە بۆ زامنكردنی تەندروستی و سەلامەتی مرۆڤایەتی بەتێكرا.

ئەوەشخراوەتەڕوو،" ھەر لە دیدارەکەدا سەرۆك كۆمار ستایشی ھەوڵەکانی وەزارەتی تەندروستی و كادرانی پزیشكی كرد لە رووبەرووبونەوەی ئەم پەتایە و چۆنیەتی كەمكردنەوەی كاریگەرییەكانی و پارێزگاریكردن لە سەلامەتی گیانی هەمووان.

لەکۆتایی دیدارەکەدا،باس لەپێشهاتەکانی دۆخی تەندروستی لەووڵات وگرتنەبەری گشت ڕێوشوێنەکانی بڵاونەبونەوەی پەتاکە وڕێگاکانی خۆپارێزی کرا، لەگەڵ هەڵسەنگاندنی ئامادەکاری و پلانە بابەتییەکان و سود وەرگرتن لە شارەزایی و توانا تەندروستییەکان لەو بوارەدا .