دوای كۆكە و تا و تەنگەنەفەسی نیشانەیەكی نوێی ڤایرۆسی كۆرۆنا ئاشكرادەكرێت

تەندروستی

24/03/2020‌ 2723 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
وەك روونە نیشانەكانی تووشبوون بە ڤایرۆسی كۆۆرنای نوێ بریتین لە تا و كۆكە و تەنگەنەفەسی تادەگاتە درووستبوونی گرفت لە سییەكاندا، بەڵام پشپۆڕانی تەندروستی لەفەرەنسا باسیان لەوە كردووە، كە لەئێستادا  نیشانەیەكی تریش لە تووشبووانی ڤایرۆسەكەدا دەركەوتووە، كە بریتییە لە لەدەستدانی هەستی بۆنكردن.

بەگوێرەی قسەی جیروم سالومون وەزیری تەندروستی فەرەنسا، كە لە راپۆرتی رۆژانەیدا لەبارەی ڤایرۆسی كۆۆرنا باسی لێوەكردووە لەم رۆژانەی دواییدا پزیشكانی قورگ و لووت و گوێ سەرنجیانداوە حاڵەتەكانی لەدەستدانی هەستی بۆنكردن زیادیان كردووە .

وەزیری تەندروستی فەرەنسا لەو بارەوە وتی: ئەو حاڵەتانە خۆیان لەلەدەستدانی كتوپڕی هەستی بۆنكردن دەبیننەوە بێئەوەی لوتگیرانی لەگەڵدابێت، تەنانەت هەندێك جار لەدەستدانی هەستی تامكردنیشی لەگەڵدایە.

حاڵەتەكانی لەدەستدانی هەستی بۆنكردن لەگەڵ نیشانەكانی تری پەیوەست بە ڤایرۆسی كۆۆرنا لەلای تووشبووانی ڤایرۆسەكە بەدەر دەكەوێت، یاخود هەندێك جار بەجیا دەردەكەوێت.

بەگوێرەی بەرپرسێكی وەزارەتی تەندروستی فەڕەنسا هێشتا ئەو حاڵەتە دەگمەنن و بەگشتی لای ئەو تووشبووە گەنجانە دەردەكەوێت، كە نیشانە سەرەتاییەكانی نەخۆشییەكەیان لە دەركەوتووە و تەمەنیان لەنێوان ٢٣ بۆ ٢٥ ساڵیدایە .

لای خۆشییەوە كۆمەڵەی پزیشكانی قورگ و لووت و گوی لە فەرەنسا بانگەوازێكیان لەبارەی زیادبوونی ئەو حاڵەتە دەركردووە، كە تێیدا باس لەوە كراوە هەموو ئەوانەی هەستی بۆنكردنیان لەدەستداوە نەسەلمێنراوە تووشی ڤایرۆسی كۆۆرنا بوون، بەڵام هەموو ئەوانەی ئەو هەستەیان لەدەستداوە بێئەوەی هۆكاری جیا، یان هەوكردنیان هەبووبێت ئەوە تووشبووی كۆۆرنان.

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی