زانیاری نوێ دەربارەی تەندروستی تۆم هانكس و ژنەكەی

هەمەڕەنگ

25/03/2020‌ 396 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
تۆم هانكسی ئەكتەری ئەمریكی كۆتا پێشهاتی تەندروستی خۆی و هاوژینەكەی بڵاوكردووەتەوە، ئەمەیش لەپاش ئەوەوە دێت، كە دوو هەفتە پێش ئێستا دەركەوت هەڵگری ڤایرۆسی كۆرۆنان.

لەتویتێكی نوێیدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر، تۆم هانكس نوسیویەتی، پاش دوو هەفتە خۆ كەرەنتینەكردن لە ئوستورالیا، ئێستا دۆخی تەندروستیمان باشە و داوا لە خەڵكی دەكەم ڕێزی ڕێنماییەكان بگرن و لەكاتی دانیشتن و گفتوگۆكردن مەودایەك لە نێوان خۆیان و بەرانبەرەكەیاندا هەبێت.

هانكس هەروەها نووسیویەتی: خۆپاراستن بریتییە لەوەی ڤایرۆسەكە بۆ كەس نەگوازینەوە و ڕێگەیش نەدەین كەس بۆمانی بگوازێتەوە، ئەمە عەقڵانییە، ئەی وانییە؟

ئەوەشی نووسیوە، ڕزگاربوون لە ڤایرۆسەكە كاتی دەوێت، بەڵام ئەگەر ئێمە ئاگاداری یەكتری بین و یارمەتی یەكتر بدەین، دۆخەكە ئاسانتر دەبێت لەسەرمان و ئەم دۆخە ناخۆشەیش تێدەپەڕێنین.

وەرگێڕان: ڕەنج ڕەسوڵ