هەسەدە پابەندبوونى خۆی بۆ بانگەوازیەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ئاگربەستی مرۆیی راگەیاند

کوردستان

25/03/2020‌ 464 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیمۆکرات "هەسەدە" رایگەیاندوە، لە چوارچێوەی بانگەوازیەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەوان هەموو ئۆپڕاسیۆنە سەربازیەکانیان راگرتووە، بانگەوازیەکی ئاڕاستەی هێز و لایەنەکانی سوریا کرد کە ئاگربەستی مرۆیی رابگەیێنن و پێبەند بن پێوەی.

 لە راگەیەنراوەکەیدا هەسەدە رایگەیاندوە، "مەترسی ڤایرۆسی کۆرۆنا سەرتاسەری جیهانی گرتووەتەوە. لەسەر بانگەوازی ئانتۆنیۆ گوتەریس سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیمۆکراتیک رایدەگەیێنێت، پابەندین بە هەوڵە نێودەوڵەتیەکان بۆ رووبەرووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و هەر هاوکاری و بانگەوازیەکی نێودەوڵەتی لەم چوارچێوەیەدا.

ئاماژەى بەوەشکردوە، فەرمادەی گشتی هێزەکانی سوریای دیمۆکراتیک بانگەوازییەک ئاڕاستەی لایەنەکانی سوریا دەکات کە هەر جۆرە دەستپێشخەری و کردەوەیەکی سەربازی بوەستێنن و بە زووترین کات پێبەند بن بە ئاگربەستی مرۆیی.

 

هەروەها هەسەدە دەشلێت"هێزەکانمان بە پێی ئاگربەستی مرۆیی دەجوڵێنەوە، بەڵام هاوکات مافی پاراستنی رەوای خۆیان بەکار دەهێنن. ئێمە هیوادارین ئەم ئاگربەستی مرۆییە دەرگای دیالۆگ و چارەسەری سیاسی بکاتەوە و کۆتایی بەو جەنگەی لە سوریا و جیهان بهێنێت".


فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیمۆکرات جەخت دەکاتەوە کە وڵامێکی جدیان هەبێت بۆ ئەم داواکاریە و هەموو هێزەکان رێگا بدەن بە کارمەندانی تەندروستیی هەرێمی و نێودەوڵەتی بۆ ئەوەی سەردانی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئەوان بکەن."

بەپەلە