سیستەمی ویندۆزی 10 لە مەترسیدایە

هەمەڕەنگ

26/03/2020‌ 903 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
كۆمپانیای مایكرۆسۆفت لە بڵاوكراوەیەكدا ڕایگەیاند، بەشی نەرمەواڵای ویندۆزی 10 ئامادەیی تووشبوون بە ڤایرۆسی هەیە، ئەمەیش مەترسی هاككردن و دزین بۆ ویندۆزەكە دروست دەكات.

كۆمپانیاكە لە ماڵپەڕی سەرەكی خۆیەوە بڵاویكردووەتەوە، زانایانی كۆمپانیاكە دوو بەرنامەیان دۆزیوەتەوە لە بەشی Adobe Type Manager، كە ئامادەیی تووشبوونن بە ڤایرۆس و هاككەرەكان دەتوانن لە ڕێگەیەوە ڤایرۆس بنێرن و كۆمپیوتەر و داتاكانی بەكارهێنەران كۆنتڕۆڵ بكەن.

ئاماژە بەوە كراوە، چەندین كۆمپیوتەر لە جیهاندا لەڕێگەی بەكارهێنانی ئەم بەرنامانەوە هاك كراون، بەتەواوی نازانین ڕێژەی ئەو كۆمپیوتەرە هاككراوانە چەندن.

كۆمپانیای مایكرۆسۆفت بە بەكارهێنەرانی ڕاگەیاندووە سەردانی ماڵپەڕە متمانەپێكراوەكان بكەن بۆ زانیاری سەبارەت بەم بابەتە، هەروەها وتیان ئێمە لە هەوڵی بەردەوامداین بۆ چارەسەركردنی گرفتەكە.


وەرگێڕان: ڕەنج ڕەسوڵ