كۆمپانیا گەورەكانی بەرهەمهێنانی ئامێرەكانی هەناسەدان بەرهەمهێنانیان بەرزدەكەنەوە

تەندروستی

26/03/2020‌ 529 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
لەگەڵ هەڵكشانی ژمارەی تووشبووانی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە نەخۆشخانەكان و زیادبوونی پێویستیان بە پێدانی ئۆكسجینی دەستكرد، بەشێوەیەكی بێپیشینە خواست لەسەر ئامێرەكانی هەناسەدانی دەستكرد لەسەرانسەری جیهاندا زیادی كردووە، بۆ ئەوەش كۆمپانیاكانی درووستكەری ئەو ئامێرە پزیشكیانە هەوڵ دەدەن لەپاڵ زیادكردنی بەرهەمەكانیان پەرە بە چارەسەری داهێنەرانەش بدەن.

لەو بارەیەوە كیران مۆرڤی سەرۆكی ئەنجوومەنی ئیدارەی كۆمپانیای "جی ئەی هیڵس كەیر"ی ئەمەریكی بۆ پێداویستییە پزیشكییەكان وتی: داواكارییەكی بێپیشینە لەسەر ئامێرە پزیشكییەكان هەیە بەتایبەت ئامێرەكانی هەناسەدانی دەستكرد، كە ئەمە پاڵی بە كۆمپانیاكەیان ناوە تواناكانی لەبەرهەمهێنانی ئەو ئامێر و پێداویستییە پزیشكیانە زیاد بكات بەشێوەیەك تیمی كاركردنیان بەدرێژایی رۆژ كار دەكەن.

هەروەك كۆمپانیای "گیتینگی"سویدی باسی لەوە كردووە، كە بەهۆی بەرزبوونەوەی خواست لە وڵاتی فەرەنسا و جیهانەوە توانای بەرهەمهێنانیان بەرزكردووەتەوە، هەروەك كۆمانیاكە لەبەیاننامەیەكدا رایگەیاند، دەستبەجێ هەموو توانای خۆمان لە چوارچێوەی ئۆفەر و راهێنان و یان لەمیانی كۆنفرانسەكان خستووەتە بەردەست كڕیارەكانمان.

هەرچی كۆمپانیای "ئێر لیكید"ی فەرەنسییە رایگەیاندووە، توانای بەرهەمهێنانیان لە بەرهەمهێنانی ٥٠٠ ئامێری هەناسەدانی دەستكردەوە لە مانگێكدا بۆ ١١٠٠ ئامێر بەرزكردووەتەوە، هەروەك ئامێری هەناسەدانی دەستكردنی ناو ماڵانیان لە ٢٠٠ ئامێرەوە بۆ ٦٠٠ دەنگ بەرز كردووەتەوە.

لەئەڵمانیا، كۆمپانیای زەبەلاحی "دراگەر" بۆ بواری تەكنەلۆژیای پزیشكی لەماوەی چەند هەفتەی رابردوودا بەرهەمهێنانی ئامێری هەناسەدانی دەستكردنی دوو قات زیادكردووە، هەروەك كۆمپانیای پزیشكی " لۆفنشتاین"، داواكاری فرۆشتنی ٦٥٠٠ ئامێری لەماوەی سێ مانگی داهاتوودا لەلایەن حكومەتەوە بەدەستگەیشتووە، هەروەك لە مانگی شوباتدا كۆمپانیاكە وەك وەڵامدانەوەیەك بۆ زۆری داواكاری ئامێرەكە بەتایبەتی لە وڵاتی چینەوە بەرهەمهێنانی بەڕێژەیەكی بەرچاو بەرزكردەوە.

بەڵام لێرەدا پرسیاری ئەوە دێتە پێشەوە، كە ئایا ئەو هەوڵەی كۆمپانیاكان بۆ زیادكردنی بەرهەمهێنانی ئامێرەكانی هەناسەدانی دەستكرد بەشی پڕكردنەوەی ئەو خواستە زۆرە دەكات، كە لەسەرییەتی، بەتایبەت خێرا بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا وایكردووە پۆل پۆل نەخۆشانی تووشبووی ڤایرۆسەكە روو لە نەخۆشخانەكان بكەن بەجۆرێك هەندێك بەشی بوژاندنەوە چیتر توانای وەرگرتنی ئەو ژمارە زۆرەی تووشبووانیان نییە . 

وەرگێران: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی