بەرهەم ساڵح 3 داواكاری ئەمەریكییەكانی گەیاندووەتە عەدنان زورفی

عیراق

26/03/2020‌ 2780 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
پێگەی "ئەخبار خەلیج" بڵاویكردەوە، گوشارەكانی بەشێك لەهێزە شیعییەكان نەیانتوانیوە هەڵویستی سەرۆك كۆمار لەبارەی راسپاردنی عەدنان زورفی بگۆڕن، بەتایبەت دوای ئەوەی دادگای دەستووریی راسپاردنەكەی بەیاسایی ناوبردو هاوكات بەرهەم ساڵح چەند داواكارییەكی ئەمریكییەكانی بە زورفی گەیاندووە.


پێشتر دادگای فیدراڵی لە شرۆڤەیەكی یاساییدا رایگەیاند، ئەگەر هاتوو كوتلەی گەورەی پەرلەمان شكستیهێنا لەوەی لەماوەی دەستووریدا كەسێك دەستنیشان بكات، ئەوە سەرۆك كۆمار مافی ئەوەی هەیە كەسێك بۆ پێكێهێنانی حكومەت رابسپێرێت، كە خۆی بەگونجاوی دەزانێت .

لای خۆیەوە فالح زیادی پەرلەمانتاری نزیك لەحەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیری پێشووی عێراق ئاشكرایكردووە، لایەنی دەرەكی بەمەبەستی ئاستەنگ دروستكردن بۆ تێپەڕاندنی كابینەكەی زورفی لە پەرلەمان، دەستیان بەگوشارەكانیان كردووە.

ئەو پەرلەمانتارە وتیشی: ئەو لایەنە دەرەكییە لەڕێگای راستكردنەوەی هەندێك هێزی شیعی بۆ رەتكردنەوەی زورفی دەستی خستووەتە ناو پرۆسەی پاڵاوتنی زورفییەوە، ئەوەش وەك ئاماژەیەكی روون بۆ دەستتێوەردانی ئێران لەو پرۆسەیەدا.

هەر لەو چوارچێوەیەدا بەپێی چەند سەرچاوەیەك لەسەرۆكایەتی كۆمار، بەرهەم ساڵح لەكاتی راسپاردنیدا چەند داواكارییەكی واشنتۆنی گەیاندووەتە زورفی بەوەی ئەگەر بێت و بتوانێت ئەو داواكارییانە جێبەجێبكات ئەوە لەلایەن ئەمەریكییەكانەوە پشتیوانییەكی گەورەی لێدەكرێت، كە بەپێی قسەی ئەو سەرچاوانە داواكارییەكان لەسی تەوەردا خۆیان دەبیننەوە، كە ئەوانیش بریتین لە:

یەكەم لەقاڵبدانی رۆڵی حەشدی شەعبی و دوورخستنەوەی لە بڕیاری سیاسی عێراقی.

دووەم دوورخستنەوەی كاریگەری ئێران و خۆخزاندنە ناو ژیانی سیاسی و ئابووری عێراق، ئەویش لەڕێگای دانوستانی راستەوخۆ و راشكاوانە لەگەڵ ئێرانییەكان لەبارەی ئەو دۆسییەیە.

سێیەم كرانەوەی عێراق بەڕووی ژینگە عەرەبی و هەرێمایەتییەكەی دوور لە هەڕەشە و گوشارەكانی ئێران .

لەكاتێكدا هێزە سیاسییە شیعییە دەسترۆیشتووەكان داوا لەسەرۆك كۆمار دەكەن راسپاردنی زورفی بكێشێتەوە، لەبەرانبەردا ئەو بەردەوامە لە هەوڵەكانی بۆ كۆكردنەوەی پشتیوانی لە زورفی تا لە پەرلەماندا متمانە بە كابینەكەی بدرێت.

هەروها سەرچاوەیەكی ئەمنی لە شاری بەغدا پێشبینی كردووە ئەگەر بێت و لایەنە بەرهەڵستكارەكانی راسپاردنی زورفی دەستەوەستان بوون لەڕێگرتن لە پاشەكشەكردنی لە پێكهێنانی حكومەت ئەوە گروپە چەكدارییەكان پەنا ببەنە بەر تیرۆركردنی ناوبراو، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا زورفی سوورە لەسەر هەنگاونان بۆ پێكهێنانی حكومەت، كە دواتر كاركردن بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پێشوەختە لەكارە لەپێشینەكانی دەبێت.

ئامادەكردن: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی