ئەمەریكا سیستەمی موشەكی پاتریۆت لەهەرێمی كوردستان جێگیر دەكات

کوردستان

31/03/2020‌ 1318 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
چەند سەرچاوەیەكی سەربازیی ئەمەریكی رایانگەیاند، كە بەشەكانی سیستەمی بەرگری ئاسمانی ئەمەریكی "پاتریۆت" گەیشتوونەتە هەردوو بنكەی سەربازی "عەین ئەسەد" لەئەنبارو "حەریر" لە پارێزگای هەولێر، ئەوەش لەكاتیكدایە هێشتا حكومەتی عێراق لەو بارەیەوە هیچ لێدوانێكی نەداوە.

دەزگاكانی راگەیاندن لەسەر زاری بەرپرسێكی سەربازیی ئەمەریكییەوە گواستوویانەتەوە، كە یەكێك لە سیستەمەكان گەیشتووەتە بنكەی سەربازیی عەین ئەسەد، كە ژمارەیەكی زۆر لە هێزە سەربازییەكانی ئەمەریكای تێدا جێگیرە و لەئێستادا كار لەسەر بەستن و ئامادەكردنی سیستەمەكە دەكرێت.

ئەو بەرپرسە سەربازییە راشیگەیاند، یەكێكی تر لە سیستەمەكان گەیشتووەتە بنكەی سەربازیی حەریر لە پارێزگای هەولێر، هەروەك هێشتا دوو سیستەمی تر لە وڵاتی كوێتن و چاوەڕێی ئەوە دەكرێت بۆ وڵاتی عێراق بگوازرێنەوە.

هاوكات بەپێی بەڵگەنامەیەكی نهێنی، چەند مانگێك لەمەوبەر و دوای ئەوەی پەرلەمانی عێراق بڕیاری دەركردنی هێزە بیانییەكانی لەسەر خاكی عێراق پەسەند كرد، حكومەتی بەغدا رەتیكردووەتەوە رێگە بە ئەمەریكا بدات سیستەمی دژە ئاسمانی "پاتریۆت" لەسەر خاكی عێراق جێگیر بكات.

لەماوەی چەند رۆژی رابردوودا، ئەمەریكا بەشێك لە هێزەكانی لە بنكە سەربازییە بچووكەكان لە عێراق كێشایەوە، كە هەندێك كەس وەك سەرەتای پاشەكشەی سەربازیی ئەو وڵاتەی لە عێراق لێكدەدایەوە، دواتر چەند بەرپرسێكی سەربازی ئەمەریكی رایانگەیاند، ئەو پاشەكشەیە تەنیا دووبارە دابەشكردنەوەی هێزەكانە و واشنتۆن هیچ پلانێكی نییە بۆ ئەوەی بەیەكجاری لەعێراق پاشەكشە بكات .

ئامادەكردن: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی