حكومەتی عێراق بۆ بڕیاردان لە موچەی فەرمانبەران كۆبوونەوەی بەپەلە و فراوان ڕێكدەخات

ئابوری

01/04/2020‌ 1619 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: 
ئەحمەد مەزهەر ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئاشكرایكرد، لەماوەی ٤٨ كاتژمێری داهاتوودا كۆبوونەوەی فراوان بۆ گفتوگۆكردن لەبارەی دۆسیەی موچەی فەرمانبەران بەڕێوەدەچێت، كە هاوكاتە لەگەڵ ئەو دۆخە دارایی و تەندرووستییەی عێراق و جیهانی پێداتێپەڕدەبێت.

مەزهەر لەلێدوانێكدا وتی: بەشێوەیەكی گشتی دۆخی داتایی عێراق زۆر سەختە بەتایبەت لەدوای هەرەسهێنانی یەك لەدوای یەكی نرخەكانی نەوت لە بازاڕەكانی جیهاندا، كە داهاتی فرۆشتنی نەوتی خاو پشكی هەرە گەورەی لە بودجەی ساڵانەی وڵات و دانی موچەی فەرمانبەران و خەرجی دامەزراوە و خەرجییە گشتییەكانی لێ دابین دەكرێت .

لەبەشێكی تری لێدوانەكەیدا مەزهەر وتی: لەماوەی ٤٨ كاتژمێری داهاتوودا لیژنەی دارایی لەگەڵ وەزارەتی دارایی و حكومەتی عێراق كۆبوونەوەی فراوان و بەپەلە لەگەڵ سەرجەم بانكەكان بەهەموو ناونیشانەكانیانەوە سازدەكات بۆ باسكردن لە چۆنێتی دەستەبەركردنی نەختینەی دارایی بۆ مووچەی فەرمانبەران و دۆزینەوەی ڕێگەچارەی تێپەڕاندنی قەیرانەكە.

لەدرێژەی لێدوانەكەیدا ئەندامەكەی لیژنەی دارایی ئەنجوومەنی نوێنەران ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە، كە بەردەوامی دابەزینی نرخی نەوت زیانی گەورەی بە عێراق گەیاندووە، كە لێكەوتەی سەختی لەسەر دۆخی داراییەكەی دەبێت.

لەماوەی رابردوودا بەرپرسانی عێراق چەندین لێدوانی جیاوازیان لەبارەی كەمكردنەوە، یان كەمنەكردنەوەی موچەی فەرمانبەران و خانەنشینان داوە، بەجۆرێك بەشێكیان ئاماژەیان بۆ ئەوە كردووە ئەگەر دۆخەكە هەر بەو شێوەیە بەردەوام بێت و نرخەكانی نەوت هەر بە نزمی بمێننەوە ئەوە عێراق جگە لە پەنابردن بۆ یەدەگی بانكی ناوەندی ئەگەری هەیە دەست بۆ كەمكردنەوەی مووچەی فەرمانبەران ببات .

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی