كیم جۆن ئۆن نەمردووە

لە میدیاکانەوە

25/04/2020‌ 3740 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: لوقمان غەفوور
ھەرچەندە ئەمڕۆ ٢٥ی ئەپرل یادی ٨٨ ساڵەی سوپای شۆڕشی گەلی كۆریا (KPRA) بوو، بەڵام سەرۆكی كۆریای باكوور كیم جۆن ئۆن ھیچ وتارێكی نەبوو، بەڵام ھەواڵگری ئەمریكی مردنی سەرۆكی كۆریای باكوور بەدوور دەزانێت.

لەھەمان كاتدا تەلەفزیۆنی ھۆنگكۆنگ ئاسمانی ئەم بەیانییە بڵاویكردەوە، كە سەرۆكی كۆریای باكوور مردووە بێ ئاماژەدان بە ھیچ سەرچاوەیەك.

گۆڤاری نیوز ویك لەڕاپۆرتێكدا ئەمڕۆ ٢٥ی ئەماژەی بەوەداوە، كە كیم تا ئێستا ونە، ھەروەھا سەرچاوەیەكی باڵا لەپێنتاگۆن بە گۆڤارەكەی وتووە: زنجیرەیەك ڕووداوو لە مانگی ئەپرل ڕوویداوە كیم تیێدا بەشدار نەبووە و لەلایەن باڵێۆزی ڕوسیاشەوە لە كۆریای باكوور، ڕۆژی ٢٢ی ئەپرل چەپكێ گوڵ گەیەندراوەتە كیم بەبۆنەی ساڵێك تێپەڕبوون بەسەر گەشتە مێژووییەكەی فلادمیر پۆتن بۆ پیونگ یانگ.

ھەروەھا ڕۆژی ٢٤ی ئەپرل، چین تیمێكی پزیشكی ڕەوانەی كۆریای باكوور كردووە، كە پسپۆری چاودێری تەندروستی تێدایە بۆ پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری پزیشكی بە كیم جۆن ئۆن.

ئاژانسی رویتەرز لە سێ سەرچاوەوە زانیاری چنگ كەوتووە، كە كیم دۆخی تەندروستی خراپە، دوای ئەوەی كە نەشتەرگەری دڵ-ی بۆ كراوە.

ھەروەھا وەفدەكەی چین بە سەركردایەتی ئەندامێكی باڵای حیزبی شیوعی چین بووە، درەنگانی ڕۆژی ٢٤ی ئەپرل گەیشتوونەتە پیونگ یانگ.

تەندروستی كیم بووە بە نھێنییەكی گەورە لە میدیاكانی جیھان، بەڵام ئەمریكا دڵنیایە كە كیم نەمردووە، لەو بارەوە ئاژانسی ڕویتەرز نوویستویەتی لە بەرپرسانی ئیدارەی پەیوەندییەكانی وەزارەتی دەرەوەی چین-ەوە زانیاری وەرگرێت.

بەڵام ڕۆیتەرز لەسەر زاری دەزگای ھەواڵگری ئەمریكییەوە وەریگرتووە، كە كیم لە ژیاندا ماوەو بەم نزیكانە دەرەكەوێتەوە.

پێشتر ڕۆژنامەی دەیلی ئێن كەی، كە بارەگاكەی لە سیئۆل-ی پایتەختی كۆریای باشوورە نووسیبووی: "كیم جۆن ئۆن لەتەمەنی ٣٦ ساڵیدا، ڕۆژی ١٢ی ئەپرل گەیەندراوەتەوە نەخۆشخانە بۆ ئەوەی نەشتەرگەری دڵ و خۆێنبەرەكانی بۆ بكەن".

تەندروستی كیم لە مانگی ئۆگەست -ی پارەوە تێكچووە بەھۆی كێشانی جگەرەی لە ڕادەبەدەر و قەڵەوبوونێكی بێ ئەندازە.

ھەروەھا ڕۆژنامەی ھێڵ لە ڕاپۆرتێكدا لە ژمارەی رۆژی ٢٢ ی نیسان باسی لەوەكردبوو، كە كیم ئێستا لە ڤێلایەك لەژێر چاودێری ورد و چارەسەردایە لە شاخی میوھیانگ لە باكووری پیونگ یانگ-ی پایتەخت.

ڕۆژنامەكە لەزاری ھەواڵگری ئەمریكییەوە وەریگرتووە، كە كیم، ڕۆژی ١١ ی ئەپرل واتە ڕۆژێك بەر لە نەشتەرگەری لە كۆبوونەوەیەكدا لەگەڵ بەرپرسانی حیزب و حكومەت بڕیاریداوە، كە كیم یۆ جۆنگ -ی خوشكی وەك ئەلتەرناتیڤ كارەكانی حكومەت و حیزبی كرێكارانی دەسەڵاتدار بەڕێوەبەرێت.