ئەو ژنانەی لەرێگەی وەرزشەوە بەرگریان لە مافی خۆیان كرد

لە میدیاکانەوە

05/05/2020‌ 645 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: ئەردەڵان عەبدوڵڵا
خەباتی ژنان بۆ دەستكەوتنی مافەكانیان مێژوویەكی درێژی هەیە، دیارە نایەكسانی بەرامبەر بە ژنان لە هەموو بوارەكانی ژیاندا كراوە، لایەنی ئابووریی و سیاسیی و یاسایی و فەرهەنگی و كۆمەڵایەتی گرتۆتەوە. 

گەرچی لایەنێكی تری گرنگیش هەیە، كە زۆرجار مافی ژنانی تێدا پێشێلكراوە ئەویش وەرزشە، لەم لایەنە گرنگەی ژیانیش هەمووكاتێك ژنان چەوساونتەوە یان لە زۆر كۆمەڵگەی دواكەوتوودا، هەتاوەكو ئەمڕۆش زۆر وەرزش هەیە ناهێڵن ژنان بەشداربن، لە هەندێك وڵاتیشدا وەرزش كردن بۆ ژنان بە شتێكی خراپ یان حەرامی دادەنێن. 

دیارە لەو كۆمەڵگانەش كە ئەمڕۆ رێگە بە ژنان دەدەن  وەرزش بكەن، ئەوانیش پێشتر رێگەیان بە ژنان نەداوە كە وەرزش بكەن، بەڵام بە هۆی گۆڕانكارییە مێژووییەكان و خەباتی رەوای ژنان ، توانیویانە بگەنە ئەم رۆژانە و ژنانیش بۆیان هەبێت بەشداری هەموو یاریی و جامەكان بكەن. 

كەناڵی دۆیتچە ڤێلەی ئەڵمانی راپۆرتێكی لە بارەی خەباتی ئەو ژنانە كردووە، كە بوونەتە سەرمەشق بۆ ژنانی جیهان:
 
پاسكیلسواری
سەرەتا یاری پاسكیلسواری وەكو هەموو یارییەكانی تر، تەنها بۆ پیاوان هەبوو بەشداری بكەن، بەڵام لە ساڵی 1924 بۆ یەكەمجار ژنە وەرزشەوانی ئیتاڵی "ئەلفونسینا سترادا"  خۆی كرد بە پیاو  بۆئەوەی بەشداری پاڵەواتی پاسیكلسواری ئیتالیا بكات ، هەرچەندە دواتر رێكخەران ئاشكرایان كرد كە ژنە، بەڵام رێگەیان پێدا بەشدار بێت. پاشتر بەشداری لە پاڵەوانێتییەكە كرد و بەمشێوەیەش بووە یەكەم ژن كە بەشداری پاڵەوانێتی پاسیكلسواری بێت و دواتریش رێگا خۆشكرا، كە ژنانیش بۆیان هەبێت بەشداری پاڵەوانێتی پاسكلیسواری بكەن.

پێشبركێی ئۆتۆمبیل  
یاری  پێشبركێی ئۆتۆمبیل  كە لە ئێستادا بە فۆرمولە 1 دەناسرێت، لە سەدەی بیستەمەوە بەتایبەتی لە پاش پێشكەوتنی پیشەشازی ئۆتۆمبیل  زۆر لەناو جەماوەردا برەویی پەیدا كرد، بەڵام تەنها پیاوان بۆیان هەبوو بەشداری ئەم بێشبركێیە بكەن و  ژنان بۆیان نەبوو بەشداری بكەن، لەكاتێكدا پێشتریش لە زۆر وڵاتدا ژنان بۆیان نەبوو ئۆتۆمبیل بهاژوون، بۆ نموونە وڵاتێكی وەكو عەرەبستانی سعودیە هەمووی چەند ساڵێكە رێگەی بە ژنان داوە، ئۆتۆمبیل بهاژوون. بەهەرحاڵ بۆ یەكەمجار "دی فیلیس" ژنە وەرزشكاری ئیتاڵی لە ساڵی 1958 و 1959 بەشداری سێ  بێشبركێی فۆرمولە 1 ی كرد، بەمێشوەیەش دی فیلیس بووە یەكەم ژن كە توانی بەشداری بێشبركێی فۆرمولە 1 بكات و رێگای خۆشكرد تاوەكو ژنانی تریش بەشداری ئەم یارییە بكەن.
 
ماراسۆن
یاری ماراسۆن یەكێكە لە یاریە كۆن و دیارەكانی وەرزش، هەمیشەش بە چاوی گومانەوە سەیری تواناكانی ژنان لەم یاریەدا كراوە، هەربۆیە رێگە بە ژنان نەدەدرا بەشداری مارسۆنەكان بكەن، یان بۆیان هەبوو تەنها تا ماوەیەكی كورت ماراسۆن بكەن، بەڵام  "كاترین سویتزەر"  ژنە وەرزشكاری ئەمریكی،یەكەمین ژن بوو كە لە ساڵی 1967 بەشداربوو لە ماراسۆنێك كە زیاتر تایبەت بوو  بە پیاوان ، لەو كاتەدا  ژنان تەنها بۆیان هەبوو بەشداری لەو پاڵەوانێتانە بكەن بەڵام نابێت لە  800 مەتر زیاتر بێت. هەربۆیە كاترین دەیویست ئەم رێسایە بشكێنێت و  بەشداریی پاڵەوانێتیەكەی كردوو هەموو بازنەكەی تەواو كرد، لەو كاتەدا رێكخەری ماراسۆنەكە، ویستی رێگەی لێبگرێت، بەڵام ئەو نەیهێشت و وەكو لە وێنەكەشدا دەردەكەوێت بەردەوامی بە ماراسۆنەكە داوە، بەمشێوەیەش ژنانیش بۆیان هەبوو بەشداری ماراسۆنی گەورە بكەن و لە 800 مەتر زیاتریش بۆیان هەبوو بەشداری پاڵەوانێتییە جیهانییەكان بكەن.

تێنسی سەر زەوی
 ژنە وەرزشەوانی ئەمریكی " بیلی جان كینگ" یەكێكە لەو ژنانەی كە بووە سەرمەشق بۆ ژنانی تری جیهان كە بێنە ناو یاری تێنسی زەوییەوە. ئەو یەكەمین  ژن  بوو كە خەباتی دەكرد بۆئەوەی ژنانیش وەكو پیاوان  بەشداری  پاڵەوانێتی تێنس بكەن و هەمان خەڵات وەربگرن، چونكە پێشتر خەڵاتی ژنان لە هی پیاوان كەمتر بوو.  ئەوەبوو لەگەڵ كۆمەڵێك  ژنی تر، دەستیان كرد بە سازكردنی پاڵەوانێتی تایبەت بە ژنان بۆ تێنسی زەوی. دواجار ساڵی 1973 بۆ پاڵەوانێتی ئەمریكا، هەمان خەڵاتی پیاوان  بۆ ژنانیش دانرا. 

بازدان لەسەر بەفر
هەتاوەكو ساڵی 1990 رێكخراوی یەكێتی نێودەڵەتی ئۆڵۆپیك رێگەی نەدەدا كە ژنان بەشداری لە پاڵەوانێتی بازدان لەسەر بەفر بكەن، هەتاوەكو ساڵی 1997 ژنە وەرزشكاری نەمساوی  "ئیفا گانستەر" توانی بۆیەكەمجار بەشداری پاڵەوانێتی بازدان لەسەر بەفر بكات و ببێتە یەكەمین ژن كە بەشداری ئەم پاڵەوانێتییە بكات. پاشان بە هەوڵ و  كۆششی گانستەر بۆیەكەمجار یەكەم پاڵەوانێتی بۆ ژنان لە ساڵی 2011 سازكرا و بۆ ئۆڵۆمپیادی ساڵی 2014 و ژنان توانیویان بەشداری ئەم پاڵەوانێتیەی بكەن. 

یەكەم ژنە ناوبژیوان
هەمیشە كاری ناوبژیوانی لە لایەن پیاوانەوە كۆنتڕۆڵ كرا بوو، بەڵام ساڵی 2003   "نیكۆڵ بیتیگنات" سویسری،  بۆ یەكەمجار وەكو ژنە ناوبژیوانێك دەركەوت و ئەوەش لە جامی تۆپی پێی خولی ئەوروپی. پاشتر بیتیگنات لە زۆر یاری خوولی تۆپی پێی سویسرا  ناوبژیوانی كرد، هەروەها دواتریش توانی  لە خوولی جامی جیهانی و ئەوروپی بۆ تۆپی پێی ژنان، وەكو ناوبژیوانێك یاریەكە بەسەركەوتوویی بەرێوەبەرێت. هەربۆیە ئەم ژنەش توانی رۆڵی ژنان وەكو ناوبژیوانی بهێنێتە پێشەوەو چیتر ئەم كارە لەلایەن پیاوانەوە قۆرخ نەكرێت.
 
راهێنەری ژن 
هەمیشە پیشەی راهێنەری تۆپی پێ لە لایەن پیاوانەوە قۆرخ كرابوو، تەنانەت زۆربەی تیپە وەرزشییەكانی ژنانیش لە جیهاندا لەلایەن پیاوانەوە راهێنیان پێدەكرێت، بەڵام لە ساڵی 2014 بۆ یەكەمجار "كورین دیاكری" ژنە وەرزشكاری فەرەنسی توانی ببێتە راهێنەری یانەی "كلیرمون فوت" ی  پیاوان، ئەم یانەیە  یەكێكە لە یانە وەرزشییەكانی فەرنسا و لە پلە دووی خولی تۆپی پێی پیاوان  یاری دەكات.  كورین كە پێشتر یاریزانی هەڵبژاردەی فەرەنسا بوو ، توانی ببێتە یەكەمین ژن كە راهێنان بە تیمێكی پیاوان بكات. ئەم ژنە توانی بۆ ماوەی سێ ساڵ راهێنان بەم یانەیە بكات و  سەركەوتنی گەورەش بەدەستبهێنن، بەمشێوەیەش كورین دیاكری بووە یەكەمین ژن كە راهێنان بە تیمێكی پیاوان بكات . 
 
خەباتی ژنان لە رێگەی تۆپی پێ وە
مۆنیكا شتاب ژنە  یاریزانی پێشووی  هەڵبژاردەی تۆپی پێی ژنانی ئەڵمانیا، لە تەواوی جیهاندا هەوڵ دەدات ژنان فێری یاری تۆپی پێ بكات و هاوكارییان بكات ، بەتایبەتی لە وڵاتە تازە پێگەیشتووەكان.  مۆنیكا شتاب زیاتر لەو وڵاتانە كار دەكات، كە مافی ژنان پێشێل دەكەن، ئەو دەیەوێت لە رێگەی وەرزشەوە ، هانی ژنان بدات تاوەكو بۆ مافەكانیان تێبكۆشن. 

سەرچاوە: دۆیتچە ڤێلەی ئەڵمانی