عێراق لە پلەی چوارەمدایە.. 10 گەورەترین وڵاتانی بەرهەمهێنەری نەوت لە جیهاندا

ئابوری

20/05/2020‌ 879 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
گۆڤاری TRADING ECONOMICS ، كە تایبەتە بە پێنوێنە ئابووری و داراییەكانی جیهان بڵاویكردەوە، كە عێراق چوارەم گەورەترین بەرهەمهێنەری نەوتە لە جیهاندا.

گۆڤارەكە لە راپۆرتێكیدا لەبارەی 10 گەورەرین بەرهەمهێنەری نەوتی جیهان لەساڵی 2019 دا ئاشكرایكردووە، عێراق بە بەرهەمهێنانی رۆژانەی 4.580  ملیۆن بەرمیل نەوت دەبێتە چوارەم گەورە بەرهەمهێنەری نەوت لە جیهاندا .

بەپێی راپۆرتی گۆڤارە ئابوورییەكە، ئەمەریكا بە بەرهەمهێنانی 12 ملیۆن و 230 هەزار بەرمیل رۆژانە پلەی یەكەمی گرتووە و  لەدوای ئەو رووسیا لە پلەی دووەمدایە و رۆژانە 10 ملیۆن و 840 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەم دەهێنێت، هەرچی سعودییەیە بە بەرهەمهێنانی 9.81 ملیۆن بەرمیل رۆژانە پلەی سێیەمی گرتووە .

ئاماژە بۆ ئەوەش كراوە، كە كەنەدا بە بەرهەمهێنانی 4.350 ملیۆن بەرمیل رۆژانە لە پلەی پێنجەمدایە و چینیش بە 3.820  ملیۆن بەرمیل رۆژانە پلەی شەشەمی گرتووە، پلەی حەوتەمیش بۆ وڵاتی ئیماراتە، كە رۆژانە 3.060 ملیۆن بەرمیل نەوت بەرهەمدەهێنێت .

بەپێی گۆڤارەكە، بەرازیل بە بەرهەمهێنانی 2.790 ملیۆن بەرمیل نەوت پلەی هەشتەمی هەیە و لەدوای ئەویش كوێتە، كە رۆژانە 2.680  ملیۆن بەرمی نەوت بەرهەمدەهێنێت، لەكۆتایشدا ئێران دێت، كە لەساڵی 2019  دا 2.360  ملیۆن بەرمیل نەوتی بەرهەمهێناوە .

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی