پاشماوەی دواین دایناسۆڕی گۆشتخۆر لەسەر زەوی دەدۆزرێتەوە

هەمەڕەنگ

21/05/2020‌ 744 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
زانا شوێنەوارناسییەكانی مۆزەخانەی ئەرجەنتینی بۆ زانستە سرووشتییەكان پاشماوەی دایناسۆرێكی گۆشتخۆریان دۆزیوەتەوە، كە بەوە دەبێت بە یەكێك لەدواین ئەو دایناسۆرانەی لەسەر زەوی ژیاون و گۆشتخۆر بوون .

پاشماوە بە بەردبووەكە  لەناوچەی سانتا كروز لەباشووری ئەرجەنتین دۆزراوەتەوە، دوای ئەوەی لە ناوەراستی مانگی ئازاردا زانایاكان بۆیان دەركەوتووە ئەو پێگەیەی ئەوان كاری لێدەكەن پاشماوەی دایناسۆڕێكی راوكەر بووە، كە بۆ كۆتایی چاخی دایناسۆرەكان دەگەڕێتەوە . 


لەو بارەوە فرناندۆ نۆباس زانای بەبەردبووەكان و بەرپرسی پرۆژەكە ئاژانسی رۆیتەرزی وت: ئێستا ئەو ساتەیە كە ٦٥ ملیۆن ساڵ پێش ئێستا روویداوە كاتێك دایناسۆرەكان قڕیان تێكەوت، ئەم میگاراپتۆرە كە دەبێت لێكۆڵینەوەی لەبارەوە بكەین یەكێكە لە نوێترین جۆری ئەو گرووپە.

ئەو جۆرە دایناسۆرە لە دایناسۆری "تیرانۆسۆر ریكس" باریكتر و خێراتر بوون و كلكێكی درێژی هەبووە، كە یارمەتیداوە پارێزگاری لە هاوسەنگی خۆی بكات .

بەگوێرەی قسەی نۆباس، ئەم دایناسۆرە جەستەیەكی پڕ ماسولكە و پێی درێژی هەبوون، كە توانیویەتی هەنگاوی فراوان بنێت .

نۆباس باسی لەوەش كردووە، كە نموونەی ئەم جۆرە دایناسۆرە دوو قاچی درێژی هەبووەو پەنجەی نینۆكێكی درێژكی هەبووە، كە گەیشتووەتە ٤٠ سانتیمەتر بۆ ئەوەی بتوانێت نێچیرەكەی تێكبشكێنێت.

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی