شارپرێس:
پسپۆرانی تەندروستیی ڕێنمایی دەدەن بەوەی
پەیرەوی لە رژێمێکی خۆراکیی ئەوتۆ بکرێت کە سیستەمی بەرگری جەستە بەهێز بکات .
لەبەر ئەوەی ئەوە بەربەستی یەکەمی خۆپاراستنە لە ڤایرۆس و میکرۆبەکان کە رەنگە
پەلاماری جەستەی بدەن لەپێشیانەوە ڤایرۆسی کۆڕۆنا کە لەئێستادا بۆتە پەتایەکی
جیهانی و سەدان هەزار کەس بەهۆیەوە گیانیان لەدەستداوە .
لەبەر ئەوەی لەمانگی رەمەزاندا سیستەمی
خواردن گۆرانکاری بەسەردا دێت بەجۆرێک لە دوو ژەمی سەرەکیدا کۆدەبێتەوە ، بۆیە
دەبێت ئەو خواردنانە بخورێت کە سیستەمی بەرگری جەستە بەهێز دەکەن و لە لاوازبوون
دەیپارێزن .
لەوبارەیەوە پێگەی "هێلس لاین"ی
ئەمەریکی چەند جۆریک بەهاراتی باس کردووە کە خواردنیان دەبێتە هۆی ئەوەی پارێزگاری
تەواو بۆ جەستە دابین بکەن :
1- زەردەچەو
زەردەچەو برێکی زۆر ماددەی کورکومینی تێدایە
کە پێکهاتەیەکی کیمیاییە و بە تایبەتمەندییە دژە میکرۆبی و بەکتیرییەکانی
جیادەکرێتەوە ، ئەوە سەرباری ئەوەی بڕێکی زۆر لە کانزا و ڤیتامینەکانی تێدایە کە
یارمەتی بەهێزبوونی سیستەمی بەرگری جەستە دەدەن .
2- دارچینی
دارچینی دەبێتە هۆی چالاککردنی سووڕی خوێن و
باشکردنی ڕێژەی کۆلیسترۆڵی ناو خوێن و پاککردنەوەی جەستە لە ژەهرەکان ، هەروەک
یارمەتی بەرزکردنەوەی توانای کۆئەندامی بەرگری جەستە دژ بە ڤایرۆس و میکرۆبەکان و
بەکتریاکان دەدات .
3- کاری
کاری دوو لەو ڤیتامینانەی تێدایە کە سیستەمی
بەرگری جەستە بەهێز دەکەن و وادەکەن توانای بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆس و بەکتریاکانی
هەبێت کە ئەوانیش ڤیتامین "ئەی " و "سی " ن ، هەروەک بڕێکی
زۆر لە ڤیتامین "ب ٦"ی تێدایە کە بەرپرسە لە بەرهەمهێنانی خڕۆکە
سپییەکانی خوێن کە هێڵی یەکەمی بەرگریکردنی جەستەن دژ بە میکرۆب و ڤایرۆسەکان .
4- زەنجەفیل
زەنجەفیل دژە هەوکردن و دژە ئۆکسێن و
ڤیتامینەکانی تێدایە ، ئەمەش وایلێدەکات ببێتە یەکێک لەو بەهاراتانەی دەوڵەمەندە
بەو رەگەزە خۆراکیانەی سیستەمی بەرگری جەستە بەهێز دەکەن ،کاتێک مرۆڤ بەبڕی گونجاو
دەیخوات ئەوە جەستەی باشتر دەتوانێت بەرەنگاری ئەو میکرۆب و ڤایرۆسانە ببێتەوە کە
هۆکاری نەخۆشکەوتنن .
5- بیبەری توند
ماددە دژە ئۆکسێنەکانی وەک ماددەی کابسینی
تێدایە ، خواردنیشی دەبێتە هۆی بەهێزکردنی سیستەمی بەرگری جەستە دژ بە ڤایرۆس و
میکرۆبەکان و دەوڵەمدنیشە بە ڤیتامین "سی ".
ئەم ڤیتامینە سیستەمی بەرگری جەستە بەهێز دەکات و ئەگەرەکانی تووشبوون بە
ئەنفلۆنزا و سەرمابردنەکان کەمدەکاتەوە ، هەروەک ڕاددەی توندی نیشانەکانی ئەو
نەخۆشیانە سووک دەکات ، بەڵام دەبێت لە خواردنیدا وریابین بەتایبەت ئەوانەی بەدەست
نەخۆشییەکی دیاریکراوەوە دەناڵێنن، ئەوکات دەبێت بەپێی رێنماییەکانی پزیشک
بجوڵێینەوە .
وەرگێڕان : ئاکۆ عەبدوڵڵا ئاڵی