شارپرێس:
بەکارهێنانی
دەمامک وەک یەکێک لە ڕێگاکانی خۆپارێزی لە تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆڕۆنا
بەکاردەهێنرێت ، بەڵام لەپێگە کۆمەڵایەتییەکاندا زانیاریگەلێک بڵاوبۆتەوە کە گوایە
دەمامک کردن دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی رێژەی ئۆکسجین لە جەستەدا ، بەڵام ئایا ئەوە
راستە؟
یەکێک لە
چالاکانی تۆرە کۆمەڵایەتییەکان پۆستێکی بڵاوکردۆتەوە و تێیدا هۆشداری داوە لە
پۆشینی دەمامکی پزیشکی و دەڵێت" گومانی تێدا نییە دەمامک کردن دەبێتە هۆی
کەمهەڵمژینی ئۆکسجین و ناچاربوون لە هەڵمژینی گازی دووەم ئۆکسیدی کاربۆنی کاتی
هەناسەدانەوە کە ئەوەش زۆر مەترسیدارە بۆ جەستە ".
پۆستەکە
باسی لەوە کردووە کە دەبێت تەنیا دەمامکی کوتاڵ لەکاتی پێویستیدا بەکاربهێنرێت ،
هەرکاتێکیش هەستت بە تەنگەنەفەسی کرد ئەوە دەبێت لاببرێت ، بەتایبەتی ئەوانەی
نەخۆشی قورسی هەناسەدانیان هەیە دەبێت زۆر بەئاگابن .
لەبەرانبەردا
شارەزایانی تەندروووستی دەڵێن ئەو زانیاریانەی لەو پۆستەدا هاتووە راست نین و
دەمامک ئەگەر بەشێوەیەکی درووست بەکاربهێنرێت ئاستەنگ بۆ گەیشتنی ئۆکسجین بۆ جەستە
دروست ناکات .
لەوبارەیەوە
دوکتۆر ئیمیۆ هیریرا پرۆفیسۆری فیسیۆلۆجیای نەخۆشی Physiopathology بە ئاژانسی فرانس پرێسی گوتووە
کە ئەو بەدووری دەزانێت دەمامک ببێتە هۆی کەمچوونی ئۆکسجین بۆ جەستە و تووشکردنی
جەستە بە کەمیی ئۆکسجین .
هیریرا
گوتویەتی دەمامک دەبێتە هۆی سنووردانان بۆ چوونە ناوی ئەو تەنۆکە گەورانەی کە
رەنگە ڤایرۆسیان هەڵگرتبێت ، بەڵام ڕێگە بە هاتن و چوونی هەوا دەدات کە ئەمەش
وادەکات دووەم ئۆکسیدی کاربۆن لەنێوان ڕووخسار و دەمامک کۆنەبێتەوە.
هەروەک
بەلای شیلی باین بەڕێوەبەری ناوەندی "LA
Montagne بۆ نەخۆشییە درمەکان لە زانکۆی
تەکساس لە ئەمەریکا ، ئەگەر بێت و دەمامک بەشێوەیەکی درووست بەکاربهێنرێت نابێتە
هۆی کەمچوونی ئۆکسجین بۆ جەستە ، ئەویش بەپێی ئەو ئیمەیڵەی تیمی بەدواداچوونی
راستییەکانی ئاژانسی فڕانس پرێس بڵاویان کردۆتەوە .
جۆن کریستۆن مامۆستای ئەندازیاری زیندە پزیشکی لە زانکۆی تەکساس بە ئاژانس فەرەنسییەکەی وتووە " ئەگەر کەسێک بەهۆی دەمامک کردنەوە تووشی کەمی ئۆکسجین بوو ئەوە مانای
وایە لە توندکردنی دەمامکەکەی زیادەڕەوی
کردووە ، ئەگەر بێت ئەو کەسە تۆماری نەخۆشیی پێشتری هەبووبێت ئەوە تووشی مەترسی
دەکات .