رێكەوت زەكی: لامەرکەزی ئیداری بەبێ مالی، ھیچ بەھاو کاریگەریەکی نییە

کوردستان

22/05/2020‌ 1213 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ئەندامێكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی رایدەگەیەنێت، نزیک دەبینەوە لەساڵێکی تەمەنی کابینەكەی کەچی ھەموو جار سەرۆکی حکومەت و بەیاننامەکانی حکومەت دەڵێت لامەرکەزی بەشێکە لەکارنامەی کابینەی نۆیەم، ئێستا دوای چارەکێک تەمەنی کابینەکە ئەو ھەنگاوانە بۆ جێبەجێکردنێ ئەو خاڵەی کارنامەکە کامەیە؟ بێگومان ھیچ، بەپێچەوانەوە ھەنگاوی توندکردنەوەی مەرکەزیەت دەستی پیکردووە.

رێكەوت زەكی لەنوسینێكدا دەڵێت، سەبارەت بەو لامەرکەزیەی سەرۆک وەزیرانی ھەرێم باسیکرد سەرۆک وەزیرانی ھەرێم لە وتارەکەیدا باسی لامەرکەزی ئیداری کرد، بەڵام لامەرکەزی ئیداری بەبێ مالی، ھیچ بەھاو کاریگەریەکی نییە.

دەقی نوسینەكە: 


١/ سەرۆک وەزیرانی ھەرێم لە وتارەکەیدا باسی لامەرکەزی ئیداری کرد، بەڵام لامەرکەزی ئیداری بەبێ مالی، ھیچ بەھاو کاریگەریەکی نییە، واتە ھەندێک دەسەڵاتی ئیداریت دەبێت بەبێ ئەوەی توانای دارایی و خەرجیت لەبەردەست بێت، ھەروەک ئەوەی کەبەڕێوەبەرایەتی ھاتوچۆی سلێمانی سەرو ١٩ ملیار دیناری ساڵانی پێشوی ھەیە بەڵام ناتوانێت یەک دیناری خەرجبکات، لەکاتێکدا لە ١٧٪‏ ی داھاتیان بەحساب بۆ خۆیانە! دەیان نمونەی دیکەی ئاوا ھەیە، واتە لامەرکەزی کارگێڕی و دارایی ھیچیان بەبێ ئەویتریان بەھای نیەو نەداواکاری دەوێ نەڕێککەوتنی لایەنەکان، دروشمەو ھیچیتر.

٢/نزیک دەبینەوە لەساڵێکی تەمەنی کابینەی نۆیەم واتە چارەکێکی تەمەنی کابینەکە، کەچی ھەموو جار سەرۆکی حکومەت و بەیاننامەکانی حکومەت دەڵێت لامەرکەزی بەشێکە لەکارنامەی کابینەی نۆیەم، ئێستا دوای چارەکێک تەمەنی کابینەکە ئەو ھەنگاوانە بۆ جێبەجێکردنێ ئەو خاڵەی کارنامەکە کامەیە؟ بێگومان ھیچ، بەپێچەوانەوە ھەنگاوی توندکردنەوەی مەرکەزیەت دەستی پیکردووە بەمجۆرە:

١/ پرۆژەی دەستەیەک لەلایەن سەرۆک وەزیرانەوە ئامادەیە بەناودەستەی خاڵە سنوریەکان کەتێدا فڕۆکەخانەی ھەولێرو سلێمانی لەوەزارەتی گواستنەوەو سەرجەم دەروازە سنوریەکان لەوەزارەتی دارایی وەردەگرێتەوەو دەخرێتە سەر ئەم دەستەیەو ڕاستەوخۆ دەیبەستێتەوە بەسەرۆک وەزیرانەوە! واتە ھەموو سەرچاوەکانی داھات، ئەوە جگە لەوەی تائێستا وەزارەتی سامانە سروشتیەکان کەسەرچاوەیەکی دیکەی داھاتە لەلایەن خودی سەرۆکی حکومەتەوە ئیدارەدەرێت و بێ وەزیرە.
٢/پرۆژەی دەستەیەکی دیکە بەناوی خۆراک و دەرمان ئامادەیەو بەشێک لەوەزارەتی کشتوکاڵ و بەشێک لەوەزارەتی تەندروستی لێدەکاتەوەو دەخرێتە سەر ئەم دەستەیەو ڕاستەوخۆ دەبەسترێتەوە بەسەرۆک وەزیرانەوە، واتە وەزارەتەکانیش بەرەو بچوکبونەوەو سەرۆکی حکومەت بەرەو دەسەڵاتی ڕەھا، ئەمەیە ھەنگاوەکانی کابینەی نۆیەم بۆ جێبەجێکردنی لامەرکەزی!!
ڕێکەوت زەکی
ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی