ڕێكەوتنێكی سیاسی كوردی سوننی بۆ رێگریكردن لەهەوڵی گۆڕینی سەرۆكایەتی كۆمار و پەرلەمان

کوردستان

23/05/2020‌ 2709 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
پەڕلەمانتار جاسم محەمەد جەعفەر ئاشكرایكرد، رێكەوتنێكی سیاسی لەنێوان لایەنە كوردی و سوننییەكاندا هەیە بۆ ئەوەی رێگری لەهەر هەوڵێك بكەن، كە بەئامانجی گۆڕینی هەردوو سەرۆكایەتی كۆمار و سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی نوێنەران بدرێت.

ئەو روونیشیكردووەتەوە، كە هاوپەیمانی فەتح بەسەرۆكایەتی هادی عامری هیچ بەپەرۆش نییە بۆ بەدەمەوەهاتنی ئەو داواكاریانەی داوای گۆڕینی ئەو دوو سەرۆكایەتییە دەكەن .

جەعفەر لەلێدوانێكدا باسی لەوەش كرد، لەدوای هەوڵی هاوپەیمانی سائیروونی سەر بە رەوتی سەدر بەسەرۆكایەتی موقتەدا سەدر بۆ چاوخشاندنەوە بە سەرۆكایەتی پەرلەمان، ڕێكەوتنێكی سیاسی لەنێوان لایەنە كوردی و سوننییەكان درووست بووە بۆ ئەوەی ڕێگە لەهەر هەوڵێك بگیرێت، كە بیەوێت دەست بۆ هەردوو سەرۆكایەتی كۆمار و سەرۆكایەتی پەرلەمان ببات .

ئەو پەڕلەمانتارە دەشڵێت: كوتلە كوردی و سوننییەكان خاوەنی ٩٠ پەرلەمانتارن لەناو ئەنجوومەنی نوێنەراندا، دەشتوانن بۆ ڕێگریكردن لە هەر جوڵەیەك بە مەبەستی دوورخستنەوەی سەرۆك كۆمار، یان سەرۆكی پەرلەمان ژمارەیەكی زۆر لە دەنگی لایەنەكانی تریش كۆبكەنەوە .

ئەو باسی لەوەش كرد، هاوپەیمانی فەتح بەسەرۆكایەتی هادی عامری هیچ بەپەرۆش نییە بۆ دروستكردنی گرفتێكی نوێی سیاسی و هەوڵدان بۆ گۆڕینی سەرۆكی كۆمار یان سەرۆكای پەرلەمان لەژێر سایەی ئەو قەیرانە دارایی و سیاسی و ئەمنییەی وڵاتی گرتووەتەوە .

لەماوەی رابردوودا هاوپەیمانی سائیروونی سەر بە رەوتی سەدر محەمەد حەلبووسی سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقی تۆمەتبار كرد بەوەی لەڕێگای گرێنەدانی كۆبوونەوەكانی ئەنجوومەنەكە كاری پەرلەمانی پەكخستووە، بۆیە داوای لە لایەنەكان كردووە كار بۆ لەسەكارلادانی بكەن .

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی