نهێنی سەردانەكەی وەزیری دارایی عێراق بۆ سعودییە ئاشكرادەكرێت

عیراق

25/05/2020‌ 1181 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
لیژنەی چاودێریی حكومی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق هۆكاری رەوانەكردنی عەلی عەبدولئەمیر عەلاوی وەزیری دارایی عێراق بۆ وڵاتی سعودییە ئاشكرادەكات.

محەمەد بەلداوی ئەندامی لیژنەكە لەلێدوانێكدا وتی: دەبوو سەردانەكە وەزیری دەرەوە بیكردایە، بەڵام بەهۆی نەبوونی وەزیری دەرەوە سەردانەكە بە وەزیری دارایی سپێردرا، بەوپێیەش عەلاوی لەهەمان كاتدا یاریدەدەری سەرۆك وەزیرانە باشترین كەسایەتی بوو بۆ ئەو سەردانە دەستنیشان بكرێت.

بەلداوی لەبەشێكی تری لێدوانەكەیدا دەڵێت: لەسەردانەكەدا باس لە تەوەری ئابووری و نەوتی گرنگ كراون لەوانە بەرزكردنەوەی نرخی نەوت بەهەماهەنگی نێوان بەغدا و ریاز، ئەوە سەرباری باسكردن لە گەڕان بەدوای ئاسۆی ئابووری لەنێوان هەردوو وڵاتدا.

بەقسەی ئەندامەكەی لیژنەی چاودێری حكومەت لە پەرلەمان، مستەفا كازمی سەرۆك وەزیران دەیەوێت لەڕێگای بەرزكردنەوەی نرخی نەوت و كاراكردنی ڕێكەوتە ئابوورییەكان هەر جۆرە پشتیوانییەكی وڵاتانی كەنداو بۆ حكومەتەكەی بقۆزێتەوە.

هەر لەو چوارچێوەیدا رۆژی شەممە عەبدولئەمیر عەلاوی وەزیری دارایی لەتویتێكدا دەستبەرداربوونی عێراقی لەغاز و كارەبای ئێران راگەیاند.

عەلاوی لە تویتەكەیدا نووسی: وەك جێبەجێكردنێك بۆ بڕیاری وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریكا، بریارماندا پابەندی درێژنەكردنەوەی ئەو بەخشینە بین، كە بە عێراق دراوە لە سزا سەپێنراوەكان بۆ هاوردەكردنی غاز و كارەبا لەئێرانەوە.

ئەو تویتە دوای چەند كاتژمێرێك دێت لە راگەیاندنی وەزیری دارایی عێراق بەوەی لەگەڵ سعودییە ڕێككەوتوون بۆ ئەوەی كارەبای عێراق و سعودییە بەیەكەوە ببەسترێتەوە .

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی