ئیللی داوای لادانی جبوری‌و دانانی پارێزگارێكی توركمان بۆ كەركوك دەكات

کوردستان

28/05/2020‌ 864 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:  
پارتی توركمان ئیللی داوای لادانی راكان جبووری پارێزگاری كەركوك بەوەكالەت و دانانی پارێزگارێكی توركمان لە شوێنی دەكات .

لەو بارەوە تەیموور بەیاتی وتەبێژی فەرمی پارتی توركمان ئیللی لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لەشاری كەركوك وتی: پارێزگاری كەركوك ماوەی سێ ساڵە بەوەكالەت بەڕێوە دەبرێت، بەڵام ئیدارەی ئێستا شكستیهێناوە لەوەی هاوسەنگی لەنێوان پێكهاتەكاندا رابگرێت، ئەوە جگە لەوەی لەكاروبارەكانیاندا شەفاف نییە.

ئەو باسی لەوەش كرد، جێگری پارێزگاری كەركوك (پارێزگار بەوەكالەت)  و ئیدارەكەی لەلایەن دەستەی نەزاهەوە بەتۆمەتی گەندەڵی دارایی و ئیداری داوای یاساییان لەسەرە و لەئیستادا بەدەستەبەری دارایی ئازادكراوان، كە ئەمە بووەتە جێگای توورەیی و بێزاری خەڵكی كەركوك و متمانەیان بەو ئیدارەیەی ئێستای پارێزگا نییە .

بەیاتی ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد، بەپشتبەستن بە ماددە ٥٨ لە یاسای بودجەی گشتیی فیدراڵی بۆ ساڵی ٢٠١٩ ، كاركردنی راكان جبووری وەك پارێزگاری كەركوك لە ٢٥ی ئەیلوولی ٢٠١٩ وە كۆتایی هاتووە، كە ئەو بەروارەی وەك دواین رۆژی كاركردن بەوەكالەت دیاری كردووە و هەر ڕێكارێك دوای ئەوە كرابێت بەهەڵوەشاوە حیسابە و هیچ پشتیوانییەكی یاساییان نییە و لەسەری تووشی لێپیچینەوەی یاسایی دەبێتەوە .

بۆیە داوای كردووە كۆتایی بە حاڵەتی ئیدارەدانی پارێزگای كەركوك بەشێوەی وەكالەت و راسپاردنی پاریزگارێكی توركمان كردووە، كە دوو جێگری لە پێكهاتەی كوردی و عەرەبی هەبێت.

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی