كوێت رەتیدەكاتەوە وەرگرتنەوەی قەرزەكانی سەر عێراقی دواخستبێت

ئابوری

01/06/2020‌ 605 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
رۆژنامەی قەبەسی كوێتی بەپشتبەستن بە سەرچاوەی میریی ئەو وڵاتە  ئاشكرایكرد، هیچ بڕیارێك نییە بۆ ئەوەی ئەو پارەیەی بەهۆی قەرەبووكردنەوەی زیانەكانی سەركوێت كەوتوونەتە سەر عێراق سازشیان لێبكرێت یان كاتی دانەوەیان دوابخرێت.

ئەو سەرچاوەیە رایگەیاندووە، ئەو قسانەی لەبارەی ئەوەوە دەكرێن، كە گوایە كوێت دەستبەرداری ئەو قەرەبووكردنەوەیە بووبێت لە ئەستۆی عێراقە یان ڕێگە بە دواخستنیان دەدات راست نین.

هەروەها جەختیشیكردووەتەوە، كە ئەو بابەتە پەیوەندی بە ئەنجوومەنی ئاسایش و لیژنەی تایبەت بە قەرەبووكردنەوەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان هەیە و ئەوەی لەو بارەیەوە دەوترێت دوورن لەراستییەوە.

بەگوێرەی راپۆرتی نیوەی ساڵانەی نەتەوە یەكگرتووەكان، كە لەلایەن ئەنتۆنیۆ گۆتێرێزەوە پێشكەش كرا، تا ساڵی ٢٠٢٠ عێراق ٤٨ ملیار و ٣٠٠ ملیۆن دۆلاری وەك قەرەبووكردنەوەی زیانەكانی داگیركردنی كوێت لەلایەن رژێمی سەددام حوسێنەوە داوەتەوە.

بەپێی بڕیاری ژمارە ١٤٨٣ی ساڵی ٢٠٠٣ عێراق ناچاركراوە بەڕێژەی لەسەدا پێنجی داهاتی فرۆشتنی نەوت و بەرهەمەكانی غاز بداتە بداتە سندووقی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ قەرەبووكردنەوەكان .

لەساڵی ١٩٩١ لیژنەی نێونەتەوەیی بۆ قەرەبووكردنەوەكان بەغدای بەپێدانی ٥٢،٤ ملیار دۆلار بە وڵاتی كوێت پابەند كرد بۆ قەرەبووی تاك و كۆمپانیا و رێكخراوە حكومییەكان و ئەوانی تر، بەهۆی داگیركردنی ئەو وڵاتە زیانی راستەوخۆیان بەركەوتووە.

لەئێستادا عێراق ٤،١ ملیار دۆلاری لەئەستۆدا ماوە دەبێت وەك دواین پاكتاوی قەرزەكانی كوێت بیداتە ئەو وڵاتە.

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی