شارپرێس:
تیمێكی زانای شوێنەوارناسی جیهانی دەڵێن: رەنگە عەرەب و جولەكە هەمان ڕەچەڵەكیان هەبێت و بۆ سەردەمی ماوەی كەنعانی لە چاخی برۆنزی بگەڕێنەوە .
كەنعان ناوچەیەكی مێژووییە و دەكەوێتە باشووری وڵاتی شامی ئێستا، كە زەوییەكانی فەلەستین و ئیسرائیل و لوبنان و بەشی رۆژئاوای ئوردن و سوریا دەگرێتەوە، لەسەردەمی چاخی برۆنزیدا لەڕووی سیاسییەوە ناوچەیەكی زۆر گرنگ بووە .
بەپێی لێكۆڵینەوەك، گروپە هاوچەرخەكان، ئەوانەی ئێستا لەو ناوچەیە دەژین تاراددەیەكی زۆر (نیوەیان زیاتر) ئەسڵ و فەسڵیان لەگەڵ ئەو كەسانە هاوبەشە، كە نزیكەی سێ هەزار ساڵ پێش ئێستا و لەسەدەمی چاخی برۆنزی لە وڵاتی شام ژیاون.
لێكۆڵینەوەكە، كە لە بڵاوكراوەی خولاوخولی "سیل"د ابڵاوكراوەتەوە، تێبینی كردووە كەنعانییەكان كە لەسەرچاوە كۆنینەكاندا ناویان هاتووە لەوانە كتێبی پیرۆز، تێكەڵەیەكن لە دانیشتووانی وڵاتی شامی كۆن و كۆچبەرەكانی دواتر، كە لە ناوچەی قەوقاز و باكووری رۆژئاوای ئێرانەوە هاتوون .
پسپۆڕان شیكردنەوەیان بۆ دەیان ئێسكە پەیكەر كردووە، كە لە ئیسرائیل و وڵاتانی دراوسێ لەو پێگانەدا دۆزراونەتەوە، كە بۆ كەنعانییەكان دەگەڕێتەوە و دواتر بە جیناتی دانیشتووانی تری چاخە كۆنەكان و گرووپی چاخە هاوچەرخەكان بەراوردیان كردوون.
لەماوەی لێكۆڵینەوەكەدا، كە چوار ساڵی خایاندووە، پسپۆڕان جیناتی ٩٣ كەسیان شیكردووەتەوە، كە لەنێوان ٢٥٠٠ بۆ ١٠٠ پێش زایین ژیاون.
دواتر بەراوردیان كردوون بە ماددە بۆماوەییەكانی سامپڵی ١٧ كەس، كە هی چاخە هاوچەرخەكانن، لەناویاندا ئەوروپییەكان یان ئەسكەندەناڤییەكان و جولەكە هاوچەرخەكان و فەلەستینی و گرووپەكانی تری رۆژهەڵاتی ناوین.
لەزۆرینەی حاڵەتەكاندا ڕێژەی سەدی چوونییەكبوونی زنجیرە بۆماوەییەكان بۆ سامپڵەكانی چاخی برۆنزی لەسەروو پەنجاوە بووە.
لێكۆڵینەوەكە پیشانیداوە، كە رێژەی هەرە بەرز چوونییەكبوونەكان بۆ سعودییەكان و دەشتەكی و جولەكە ئێرانییەكان بووە، كە گەیشتووەتە ٩٠٪ ، دواتریش فەلەستینییەكان و ئوردنی و سورییەكان بەڕێژەی ٨٠٪ چوونییەك بوون.
كەمترین ڕێژەش بۆ ماراكیشییە هاوچەرخەكان (٤٠ لەسەد ) و جولەكە ئەسیوپییەكان (٢٠ لەسەد) بووە، كە پەیوەستن بە رۆژهەڵاتی ئەفریقاوە.
لای خۆیەوە دیڤید رایش زانای بۆماوەزانی لە زانكۆی هارڤارد بە رۆژنامەی هائارێتزی ئیسرائیلی راگەیاندووە، كە لێكۆڵینەوەكە ئاماژە بۆ ئەوە دەكات لەهەزاران ساڵەوە پەیوەندییەكی بۆماوەیی قووڵ لەنێوان ژمارەیەكی زۆر لە گرووپە یەهوودییەكانی ئەمرۆ لە دیاسپۆرا و گرووپە عەرەبییەكانی ئەو بەشەی جیهان دا هەیە.
بەڵام بەقسەی لیران كارمل، خانمە زانای زانستەكانی كۆمپیوتەر، كە یەكێكە لە ئامادەكارانی لێكۆڵینەوەكە، توێژەران دەڵێن: هێشتا دی ئێن ئەی پێویستی چاخەكانی دواتری چاخی برۆنزیمان لەبەردەستدا نییە، بەتایبەت هی چاخی ئاسنین تا بەدواداچوون بۆ بوونی پەیوەندی راستەوخۆ لەنێوان كەنعانییەكان و دانیشتووانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی ئەمرۆد بكەین، رەنگە گرووپی تر هەبن و پەیوەندیان بەوڵاتی شامەوە نەبێت و ڕاستەوخۆ ڕەچەڵەكیان بۆ عەرەب و جولەكە بگەڕێتەوە.
وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵلا ئاڵی