شارپرێس:
هاورێكانی بە فلۆیدی زەبەلاح بانگیان دەكرد، ئەو ناوەیان كاتێك بەسەردابڕی، كە لە هیوستن لەبواری مۆسیقای هیپ هۆپ كاری دەكرد، ئەو ئەمەریكییەكی بەرەگەز ئەفریقییە و كوشتنەكەی ئاگری بەردایە شەقامی ئەمەریكی.
جۆرج فلۆیدی تەمەن ٤٦ ساڵ لە ویلایەتی كارۆلینای باكوور لەدایك بووە، كچێكی شەش ساڵی هەیە، كە لەگەڵ دایكی لە شاری هیوستن بەیەكەوە دەژین، رۆكسی خێزانی لەچاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ رۆژنامەی "هیوستن "، فلۆیدی بە باوكێكی باش وەسف كردووە.
تۆڕی سكای نیوزی بەریتانی لەسەر زاری هاوڕێكانییەوە گواستوویەتییەوە، كە فلۆید كەسایەتییەكی هێمن و خوێن شیرین بووە.
جۆرج فلۆید پێش ئەوەی بیگوازێتەوە بۆ میناپۆلیس چەند ساڵێك لەشاری هیوستن ژیاوە بەشێوەیەك وەك دانسەری راپ لەشاری هیوستنی گەورە شاری ویلایەتی تەكساس بەشداری نمایشەكانی كردووە.
جۆرج یەكێك بووە لە ئەندامانی تیمی مۆسیقییەك، كە ئەلبوومێكیان بەناوی "بلۆك پارتی" لەساڵی ١٩٩٦ دەركردووە، هەر ئەو ساڵەش بووە لەلایەن هاوڕیكانییەوە ناوی "بیگ فلۆید" یان "فلۆیدی زەبەلاح"ی لێنراوە.
پێش ئەوەی كۆچی دوایی بكات وەك سیكوریتی گارد لەچێشتخانە و باڕی "كۆنگۆ لاتین بیسترۆ" كاری كردووە، چێشتخانەكە لە مانگی ئازارەوە بەهۆی ڕێكارەكانی بەرەنگرابوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا داخراو بووە و لەوكاتەوە فلۆید بێكار بووە.
جۆناسان فیل، هاوڕێی منداڵیی فلۆید دەڵێت: ئەو بەردەوام دەیوت دەیەوێت كاریگەری لەسەر جیهان هەبێت، هەرچی فیلیۆنیز فلۆیدی برایەتی لەبارەی كوشتنی براكەیەوە وتی: هەموو كەس براكەمی خۆشدەویست، ئەو زەبەلاحێكی خوێنشیرین بوو، ئازاری كەسی نەدەدا.
لای خۆیەوە بریدجیتی خوشكی بە دڵپڕییەوە دەڵێت: بەو جۆرە براكەمیان كوشت، كە هاوار دەكات و دەڵێت فریام بكەون، یەكێك لە كچە هاوڕیكانیشی دەڵێت: ئەو جگە لە فریشتە شتێكی تر نەبوو بینیمان و كوشتمان.
وەرگێران: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی