میكانیزمی كەمكردنەوەی موچەی فەرمانبەرانی عێراق ئاشكرادەكرێت

ئابوری

03/06/2020‌ 1312 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس
عەلی تەمیمی پسپۆڕی ئابووری میكانیزمی یاسایی كەمكردنەوەی موچەی فەرمانبەران ئاشكراكرد، كە هەر موچەیەك بەیاسا ڕێكخرابێت تەنیا بەیاسا دەتوانرێت دەستكاری بكرێت و كەمبكرێتەوە.

تەمیمی لەلیدوانێكدا باسی لەوەش كردووە، ئەو موچەیەی بەیاسا ڕێكخراوە جا موچەی بنەرەتییە یان دەرماڵەیە یان دوو موچەییە، تەنانەت پلەبەرزكردنەوە و سەرموچەی ساڵانەش ناكرێت دەستیان بۆ ببردرێت تەنیا بەهەمواركردنەوەی یاسا نەبێت وەك یاسای موچەی فەرمانبەران ژمارە ٢٢ ساڵی ٢٠٠٨ و یاسای دامەزراوەی زیندانییە سیاسییەكان  وئەوانی تریش.

ئەو شارەزا ئابوورییە ئاماژەی بۆ ئەوەش كردووە، كە بەگوێرەی ڕێسا یاساییەكان هیچ یاسایەك هەڵناوەشێنرێتەوەو دەستكاری ناكرێت تەنیا بە دەرچوونی یاسایەكی تر نەبێت لە پەرلەمانەوە.

ئەو وتیشی: ئەو موچانەی بەبڕیاڕێك لە ئەنجوومەنی وەزیران یان لە وەزارەتەكانەوە بۆ فەرمانبەران بەستراون ئەوە دەستكاریكردنیان بەهەمان ئەو میكانیزمە دەبێت، كە بڕیارەكەی پێدەرچووە.

رۆژی دووشەممە پەرلەمانتار مەنسوور بەعیجی جەختیكردەوە، كە دەستبردن بۆ موچەی فەرمانبەران بەهیچ جۆریك ڕێگەپێدراو نییە و بەڕەهایی رەتیدەكەیەنەوە، پێداگریشی لەسەر ئەوە كردەوە، كە بەوپێیەی كەمكردنەوەی موچەی فەرمانبەران چارەسەری قەیرانی دارایی ناكات و حكومەت دەتوانێت پەنا بۆ ڕیگە جارەی تر بەرێت بۆیە ڕێگە بە دەستكاریكردنی موچە نادرێت.

هەروەك لای خۆیەوە محەمەد بەلداوی ئەندامی لیژنەی چاودێریكردنی بەرنامەی حكومەت لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئاشكرایكرد، كە موچەی فەرمانبەران بۆ مانگەكانی داهاتوو گەرەنتیكراوە، بەڵام پێویستی بە گرتنەبەری چەند ڕێكارێك و چاكسازییە لە بواری كەمكردنەوەی خەرجییە گشتییەكان و كەمكردنەوەی موچەی پلە باڵاكان و هەڵوەشاندەوەی هەندێك بڕیاری دارایی لەڕێگای دەركردنی یاسا لە پەرلەمانەوە .

ئامادەكردن: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی